وێنەگرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا
44 خولەک پێش ئێستا
11 جار خوێنراوەتەوە
کەیهان محەممەدی، وێنەگری خەڵکی کامێرانی سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 17یەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی وێنەی "FOKUS Award 2026" لە ئەلبانیا، توانی لە بەشی بابەتیدا پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
فێستیڤاڵەکە لەژێر ناونیشانی "BREATH" (هەناسە) بەڕێوەچوو؛ تێیدا تابلۆ وێنەی "Synthetic Respiration" (هەناسەدانی دەستکرد)ـی کەیهان محەممەدی، وەک بەرهەمی هەڵبژێردراو دیاریکرا و خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵەکەی پێبەخشرا کە بڕەکەی 1,000 یۆرۆ بوو.
کەیهان محەممەدی، لەبارەی پەیامی بەرهەمەکەیەوە رایگەیاند: "لە رێگەی زمانی وێنەوە گوزارشتم لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی خۆم سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە، بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری سەرچاوە سرووشتییەکان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی لەسەر سرووشت و مافی هەناسەدانی مرۆڤ کردووە."
ئەو وێنەگرە ئاماژەی بە قەبارەی رکابەرییەکەش کرد و رایگەیاند، لەم خولەی فێستیڤاڵەکەدا 560 وێنەگر لە 52 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە بەشدارییان کردبوو، لەنێویاندا کارەکانی 167 وێنەگر بۆ پێشانگەی تایبەتیی فێستیڤاڵ هەڵبژێردرابوون، کە سەرەنجام بەرهەمەکەی ئەو توانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی بەشداربووان مسۆگەر بکات.
|