"دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بێ مانایە ئەوان ئامانجیان رووخاندنی دەسەڵاتە"

43   خولەک پێش ئێستا  24 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا "بێواتایە" و تەنیا دەبێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هێرشەکان. ئەم لێدوانەش لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەندین مانگە چەقیون.

پزیشکیان وتیشی: "تاوەکو ئێستا دوای دانوستاندنەکان سێ جار هێرشیان کردووەتە سەرمان، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوان بەدوای گفتوگۆوە نین؛ بەڵکو ئامانجیان رووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە." هەروەها گوتوویەتی: "لەگەڵ دووژمنێکدا کە هەموو رۆژێک پەنا بۆ تیرۆرکردن، سزاسەپاندن، گوشار و هەڕەشە دەبات و بەڵێنەکانی دەشکێنێت، دانوستاندن بێواتایە."

لە دوایین هەوڵیشدا، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ پێشکەوتنێکی لێنەکەوتەوە. واشنتن لە چەند هەفتەی رابردوودا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی کەمکردووەتەوە و لەبری ئەوە گوشارە ئابوورییەکانی تووندتر کردووە، بە جۆرێک لە 1ـی ئەیلوولەوە هیچ هێرشێکی نەکردووەتە سەر ئێران.

رۆژی یەکشەممەش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، جەنگی ئەمریکا دژی وڵاتەکەی بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێت. عێراقچی کە بەڵێنی دا ئەگەر هێرشەکان دەستپێبکەنەوە بەرگرییەکی بەهێزتر دەکەن، گوتی: "هیچ چارەسەرێکی سەربازی نییە، هیچ چارەسەرێکیش لەسەر بنەمای سزای نوێ سەرناگرێت. تەنیا دانوستاندن لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی دەتوانێت کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە