ماڵی هونەرمەندێک لە هەولێر سووتا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
ماڵی هونەرمەندی ناوداری شانۆ و دراما، عەلی ئەحمەد لە شاری هەولێر سووتا. کوڕێکی دەڵێ: "باوکم هیچی بۆ دەرنەچووە و کرێچیشە".
هونەرمەند عەلی ئەحمەد زیاتر لە 50 ساڵە لە شانۆ، دراما و فیلمدا خزمەت بە هونەری کوردستان دەکات، نزیک کاتژمێر 12:00ـی شەوی رابردوو، ماڵەکەی لە گەڕەکی کوێستان لە شاری هەولێر سووتا.
ئالان کوڕی هونەرمەند عەلی ئەحمەد بە میدیاکانی وت: "من و خوشکەکەم لە ماڵەوە نەبووین و باوکم تەنیا بوو، کە شۆرتی کارەبا لە پلاکێکی پشتی قەنەفەکەمانەوە دروستبووە و ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە".
پێش تەشەنەکردنی ئاگرەکە هونەرمەند عەلی ئەحمەد خۆی رزگار کردووە. کوڕەکەی دەڵێت: "هیچ بۆ ماڵەکەی باوکم دەرنەچووە، ئاگرکوێژنەوەش زوو نەهاتایە ئاگرەکە زیاتر تەشەنەی دەکرد".
وەکو کوڕەکەی باسی دەکات، هونەرمەند عەلی ئەحمەد کرێچییە و دەبێت لەگەڵ خاوەنی خانووەکە گفتوگۆ بکەن بزانن وەڵامی بۆ رووداوەکە چی دەبێت.
ئالان عەلی ئەحمەد داوا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، "هاوکاریی باوکم بکەن، لەوەتەی هەیە کرێچییە، ئەگەر بکرێت لە کرێچێتی رزگاری بکەن، ئێستاش هیچ لە ماڵەکەیدا نەماوە".
موقەدەم شاخەون سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر رایگەیاند: "تیممان بۆ کوژانەوەی ئاگرەکە رەوانە کردبوو، جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی نەبوو".
|