بۆچی ئیسرائیل جارێکی دیکە پەلاماری غەززەی دایەوە؟
4 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە سوپای ئیسرائیل هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر غەززە و بەهۆیەوە سەدان ژن و منداڵی لە ماوەی چەند خولەکێکدا شەهید کرد و دەیانی دیکەشی بریندارکرد.
هێرشەکان بە ئاگاداری ئەمریکا و لەسەر فەرمانی راستەوخۆی بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام دران.
بە گوێرەی نوێترین ئامار لە هێرشەکەدا، ٤٠٠ کەس کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵ و پیاوی بەتەمەنن، جیا لەوان ژمارەیەک سەرکردەی مەدەنی بزووتنەوەی حەماس کوژراون کە کاروباری حکوومەتی غەززەیان لە ئەستۆ بووە.
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە، ئیسرائیل تاک لایەنانە و بۆ بەرژەوەندی نەتانیاهۆ ئاگربەستی شکاندووە.
هێرشەکە دوای هەڕەشەکانی ئەمریکا لە ئێران هات کە تێیدا ترەمپ هۆشداری توندی دایە تاران ئەگەر حوسییەکانی یەمەن بەردەوام بن لە بە ئامانج گرتنی کەشتییەکانیان ئەوا ئێران باجەکەی دەدات.
بە گوێرەی لێکدانەوەی شارەزایان، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرایل ئامانجی لە دەست پێکردنەوەی هێرشەکان ئەوەیە خۆی لە پرسی دادگاییکردنی ناوخۆی وڵاتەکەی بدزێتەوە کە بە ئەگەری بەهێز رووبەڕووی سزادان و زیندانیکردن دەبێتەوە.
ناتەنیاهۆ تۆمەتی گەندەڵی و سپی کردنەوەی پارەی دراوەتە پاڵ دەیەوێت بە شەڕی غەززە خۆی لە پرسی دادگاییکردنی بدزێتەوە.
یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ناتەنیاهۆ، تێوەگلانی ئەمریکایە لەو شەرەدا و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت پێکدادانی نیوان ئەمریکا و ئێران رووبدات.
ئیدارەی پێشووی کۆشکی سپی دژی هەر جۆرە رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆ بوو لەگەڵ ئێرانییەکان، بەڵام ئیدارەی ئێستا توند مامەڵە دەکات و پشتیوانی تەواوی هەنگاوەکانی ئیسرائیل دەکات.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش ئەمریکا هێرشێکی کتوپڕ و قورسی کردە سەر حوسییەکانی یەمەن ئەوەش لە کاردانەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی ئەمریکا.
جیا لەوە، ئیسرائیل شەوی رابردوو بۆردوومانێکی چڕی چەند ناوچەیەکی جیاوازی سوریا کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی بۆردوومانکردنی گرووپە شیعەکانی عێراقی کردووە و لە دوێنێوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەنجامدانی هێرش دژی ئەو گرووپانە بلاوبووەتەوە.
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا دانی بەوەدا نا کە پێشتر پەیامی جددیان لەسەر هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق پێگەیشتووە بەڵام توانیویانە لە رێگەی ئەمریکییەکانەوە ئەو هێرشانە رابگرن.
|