یەکێتی نیشتمانی دوای پەنجا و یەک ساڵ لە دامەزراندنی گەیشتووەتە کوێ؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
ئایا یەکێتیی لە سەردەمی بافڵ تاڵەبانی جیاوازە؟
یەکێتی نیشتمانی کوردستان مۆمی پەنجا و یەک ساڵەی تەمەنی کوژاندەوەو پێی نایە ساڵێکی نوێوە.. وەک یەکێتییەکان باسی دەکەن، ئێستا حزبەکەیان خاوەن یەک سەرۆک و یەک سەرکردایەتی و یەک بڕیارن.
لە یەکی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا لە ئەنجامی یەکگرتنی پێنج قەوارەی سیاسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان دامەزرێندرا.
سروشتی پێکهێنانی یەکێتی نیشتمانی بە جۆرێک بوو کە بۆ چوونی جیاواز و ناکۆکی نێوان باڵەکانی بەردەوام، بوونی هەبوو ، بەڵام بەهۆی کاریزمایی کەسایەتیی جەلال تاڵەبانیەوە، باڵە جیاوازەکانی ئەو حیزبە، ناکۆکیەکانیان نەدەگەیشتە قۆناغی لێک ترازان.
دوای ڕۆشتنی جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا بوونی بە سەرۆک کۆماری عێراق، کێشە و ناکۆکیەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی پەرەیان سەند و کار گەیشتە جیابونەوەی باڵی نەوشیروان مستەفا ، نەخۆش کەوتنی جەلال تاڵەبانی سکرتێری ئەو حیزبە بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی لە هەرێمی کوردستان ودەرفەتی گەورەی بۆ ڕکابەرە سەرەکیەکەی ڕەخسان تا پێگەی خۆی زیاتر بەهێز بکات.
دوای مردنی تاڵەبانی، حیزبەکە توشی قەیرانێکی سەختی سەرکردایەتی کردن هات کە بووە هۆی لاوازتر بوونی پێگەی و کاڵ بوونەوەی ڕۆڵی لە ئیدارەدانی هەرێمی کوردستاندا و تەواوی بڕیارە ستراتیژییەکان کەوتنە دەست پارتی دیموکراتی کوردستان و تەواوی جومگەکانی حکومرانی کۆنتڕۆڵ کرد.
لە ناوخۆی حیزبەکەشدا برازاکانی جەلال تاڵەبانی نفووزی گەورەیان پەیدا کرد و خەریک بوو جێگە بە کوڕەکانی لێژکەن و پێگەیان ئەوەندە بەهێز بووبوو کە وەک فەرمانرەوایی حیزبەکە مامەڵەیان دەکرد.
ئەوەش وای کرد لە کۆنگرەی چوارەمدا زۆرینەی دەنگەکانی کۆنگرە بەدەست بێنن و بۆ یەکەم جار ئەزموونی هاوسەرۆکی لە هەرێمی کوردستان پەیرەو بکەن.
ئەم ئەزموونە زۆری نەخایاند تا لە کودەتایەکی سپیدا برازاکانی جەلال تاڵەبانی لە لایەن هەردوو کوڕەکەیەوە دوورخرانەوە و بە تەواوی لە دەسەڵات خران هەروەها دوای هێرشکردنە سەر لالەزار و شەڕێکی چەند کاتژمێری، لاهور شێخ جەنگی ئامۆزایان و سەرۆکی بەرەی گەل و هاوەڵانی دەستگیرکران و ئێستاش چاوەرێی دادگایی کردن دەکەن.
ئێستا یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لایەن بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و بە درێژایی مێژووی ئەو حیزبە تا ئێستا وەک خۆیان دەڵێن ناوەندێتی بڕیار و بێ باڵی وەک ئێستا نەبووە.. تەواوی هێزەکان لە لایەن بافڵ تاڵەبانیەوە کۆنتڕۆڵ کراون.
هیچ سەرکردەیەکی نییە بوێری ئەوە بکا هاوشێوەی ڕابردوو لەگەڵ نەیارەکانی یەکێتی نیشتمانی خۆی ڕێک بخا و ژێر بە ژێر پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکا.
قۆناغی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستان، قۆناغی بافڵ جەلال تاڵەبانی کوڕە گەورەی تاڵەبانییە، کە لە هیچ قۆناغێکی پێش خۆی ناچێت.
|