مەترسییە گەورەکەی سەر مووچە نەما، ئەو بڕیارەی لێی دەترسان هەڵوەشایەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
دۆخەکە بەرەو باشی دەڕوات و پارەیەکی زۆر گەیشت..
دوای دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانی، دواجار هەورە ڕەشەکانی قەیرانی دارایی لە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕەوینەوە.
دوای ئەوەی مانگی رابردوو ئەمریکا ناردنی دۆلاری بۆ عێراق راگرتبوو، دوێنێ گوژمێکی دۆلار رەوانەی بەغدا کراوە.
گەیشتنی گوژمە دۆلارە نەختینەکەی ئەمریکا بۆ بەغدا، تەنها هەواڵێکی ئابووری نییە، بەڵکو مژدەیەکە بۆ زیاتر لە پێنج ملیۆن مووچەخۆر کە چیتر مەترسیی دواکەوتن یان نەبوونی شایستە داراییەکانیان لە ئارادا نەماوە.
عێراق کە وڵاتێکی پشتبەستوو بە داهاتی نەوتە، پارەی فرۆشتنی سامانی سروشتییەکەی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. کاتێک لە مانگی ڕابردوودا واشنتن ناردنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ڕاگرت، مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر دابینکردنی سیولەی نەختینەیی دروست بوو. بەڵام وەک نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری ئاشکرای کرد، دوێنێ کاروانی دۆلار گەیشتەوە بەغدا، ئەمەش واتە دەستپێکردنەوەی سوڕی خوێن لە دەمارە داراییەکانی وڵاتدا و بوژانەوەی ڕاستەقینەی دۆخی بازاڕ.
بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ مەرجدارکردنی ناردنی دۆلار، ترسی ئەوەی دروست کردبوو کە حکومەت نەتوانێت پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر بە مووچەخۆران جێبەجێ بکات، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان کە دۆخی داراییەکەی بەستراوەتەوە بە گەیشتنی بەشەبودجە و سیولە لە بەغداوە.
ئێستا کە دۆلارە کاشەکە گەیشتووە، بانکی ناوەندی دەتوانێت بەبێ کێشە دیناری پێویست بۆ مووچە بخاتە بازاڕەوە، ئەمەش گەرەنتیی ئەوەیە کە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە بەبێ گرفت بەردەوام دەبێت.
گەیشتنی ئەم گوژمە دۆلارە، نەک هەر مەترسیی سەر مووچەی نەهێشت، بەڵکو هێزێکی نوێی دایەوە بە دیناری عێراقی بەرامبەر دراوە بیانییەکان. پسپۆڕان پێیان وایە ئەمە سەرەتای قۆناغێکی نوێی سەقامگیرییە، چونکە گەیشتنەوەی داهاتی نەوت بە دۆلار، یەدەگی بانکی ناوەندی بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی بوژانەوەی گشتیی کەرتی بازرگانی و کەمبوونەوەی نرخی کەلوپەل، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بژێوی خێزانەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا دەبێت.
|