دەستبەرداگرتنی ماتۆڕسکیلی بێ سەرەتا لە هەولێر دەستیپێکرد

3   کاتژمێر پێش ئێستا  66 جار خوێنراوەتەوە

پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆمەتی بێزارکردنی خەڵک لە گەشت و سەیراندا دەستی بەسەر ژمارەیەک ماتۆڕسکیلدا گرت. وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆ دەڵێ، هەر کەسێک بە ماتۆڕسکیلەکەی نمایش بکات و خەڵک بێزار بکات، دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دەگیرێ.
 
عەقید هێمن ئەمین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، بە رووداوی وت، "بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیل لەگەڵ پۆلیسی هەولێر هاوئاهەنگی تەواومان هەیە. هەموو ئەو ماتۆڕسکیلانەی نمایشیان پێ دەکرێ و خەڵک بێزار دەکەن، دەستیان بەسەردا دەگیرێ."
 
وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند، "ئەوانەی ماتۆڕسکیلیان پێیە و لە شەقامەکان نمایش دەکەن و ژیانی خۆیان و هەموو بەکارهێنەرانی شەقام دەخەنە مەترسییەوە، دەست بەسەر ماتۆرسکلیلەکانیاندا دەگیرێت ئەگەر بێسەرەتا بن. ئەگەریش یاسایی بن، لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێ".
 
پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، "هۆشداری دەدەین هەڵمەتەکەمان بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر لە رۆژانی پشوو و هەروەها رۆژانی ئاساییدا بەردەوام دەبێت. هەر کەسێک سەرپێچیی رێنمایی و بڕیارەکانی پۆلیسی هاتووچۆ بکات، دەست بەسەر ماتۆڕسکیلەکەیدا دەگیرێ و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت."
 
موقەدەم هێمن ئاماژەی بە ماتۆڕسکیلی کۆمپانیاکانی گەیاندن و کرد و وتی، "زۆرینەی هەرە زۆریان پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بوون و ژمارەیان وەرگرتووە، بۆیە هەر سەرپێچییەک بکەن بەگوێرەی یاسا سزا دەدەرین."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە