ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی خۆڕسک زامنی داهاتووی دەیان منداڵی حه‌ویجەیە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
157 جار خوێنراوەتەوە
چه‌كدارانی داعش دوو بژارده‌یان نالەباریان خسته به‌رده‌م خێزانه‌كه‌ی ئامینه ئه‌حمه‌دی 19 ساڵ، یان ده‌بێت هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ چه‌كدارێكی داعش-دا بكات، یان برا 16 ساڵانه‌كه‌ی له كه‌ركوكه‌وه بۆ په‌یوه‌ندیكردنه‌وه به چه‌كدارانی داعش بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ حه‌ویجه، كه چه‌ند رۆژێك بوو له ده‌ستی ئه‌و چه‌كدارانه هه‌ڵهاتبوو. ئامینه له‌ژێر فشاردا بژارده‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژارد.
ئه‌و بژارده ناچارییه‌ی ئامینه كه بۆ سه‌ره‌تای كۆنترۆڵكردنی قه‌زای حه‌ویجه له حوزه‌یرانی 2014دا ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئێستا بۆته كێشه بۆ سه‌دان خێزانی قه‌زاكه و ده‌وروبه‌ری و سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه ده‌یانه‌وێت له‌ڕێی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌وه چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزنه‌وه.
ئامینه كه ئێستا ته‌مه‌نی 26 ساڵه، وتی "هەرچەندە قایل نەبوم به‌و بژارده‌یه، به‌ڵام بە ناچاری پەسەندم کرد"، ئه‌و هاوسه‌رگیرییه ناچارییه، وایكرد ئامینه ته‌نیا سێ مانگ له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كداره‌دا بژیت، "له ده‌ستی هه‌ڵهاتم و له‌ڕێی قاچاخه‌وه چوومه كه‌مپه‌كانی دوبزی كه‌ركوك و له‌وێوە گواستمیانه‌وه بۆ کەمپێک لە موسڵ".

دوای چه‌ند رۆژێك مانەوە له موسڵ، ده‌رده‌كه‌وێت سكی هه‌یه و یه‌ك مانگه، دوابه‌دوای ئه‌وه كه‌مپه‌كه به‌ره‌و كه‌ركوك بەجێده‌هێڵێت و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت. له‌گه‌ڵ له‌دایكبونی كۆرپه‌له‌كه‌شی كه كوڕ بوو هه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بێت و به‌خێوی ده‌كات. ئه‌مه ئێستا بۆته كێشه بۆ ئامینه، چونكه كوڕه‌كه‌ی كه ئێستا ته‌مه‌نی نۆ ساڵه، هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی نییه.
"ته‌نانه‌ت بردمه قوتابخانه‌یش به‌ڵام وه‌ریان نه‌گرت، ووتیان ده‌بێت ناسنامه‌ی هه‌بێت"، ئامینه ئەحمەد كه ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه حه‌ویجه (55كم باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك)، وێڵه به‌دوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوڕه‌كه‌یدا.
ئامینە نمونه‌ی سه‌دان خێزانی تره له‌و قه‌زایه، چونكه به‌هۆی هاوسه‌رگیری بە زۆری چه‌كدارانی داعش لەگەڵ سەدان ئافرەتدا و دواتر خستنه‌وه‌ی منداڵ، ئێستا ئەو منداڵانه ناسنامه‌یان نییه و چاره‌نوسیان به هەڵواسراوی ماوه‌ته‌وه، له ئێستادا ئاسۆیەکی ئومێدبەخش بۆ چاره‌سه‌رکردن ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كه‌ركوك و حه‌ویجه‌یه.
دەستپێشخەرییەکه كه ئیسماعیل حه‌دیدی سه‌رۆكهۆزی حه‌دیدییه‌كان رابەریەتی، ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی و یاساییه‌كانی ئەو سەدان منداڵەی حەویجەیه کە لە ئەنجامی هاوسەرگیریی بەزۆری چە‌كدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لە دایکبوون. ئه‌وه‌ش به هاوكاریی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تییه‌كانی حه‌ویجه له چوارچێوه‌ی دروستكردنی "لیژنەی ئاشتی" بۆ ئه‌و ئاڵنگارییەی به‌رۆكی قه‌زاكه‌ی گرتووه.

دەستپێشخەرییەکە لە چەند قۆناغێک پێکهاتووە، لەوانە، ره‌خساندنی كه‌شی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان؛ هاوكاریی ماددی و دابینکردنی شوێنی نیشته‌جێبون بۆ ئه‌و خێزانانەی کە لە كه‌ركوك نیشته‌جێن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ حه‌ویجه؛ هەوڵدان بۆ قایلکردنی خەڵکی حه‌ویجه تا كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعش بگه‌ڕێنه‌وه، دواتریش دروستکردنی هه‌مئاهەنگی تا ئه‌و منداڵانه له‌لایه‌ن كه‌سوكاری دایك و باوكیانه‌وه لەخۆبگیرێن.
"دوای هه‌وڵێكی زۆر لیژنه‌یه‌كمان له سه‌رۆك هۆز و كه‌سایه‌تیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پێكهێنا، پاشان له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی ئیداری و ئه‌منی هه‌ماهه‌نگیمان کرد و ئینجا له‌گه‌ڵ رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆییه‌كان دوو لیژنه‌مان پێکهێنا،" ئیسماعیل حه‌دیدی وای ووت.
ئیسماعیل حه‌دیدی، جێگری پێشووتری پارێزگاری كه‌ركوك و راوێژكاری پێشووی سه‌رۆك كۆماری عیراقه، له‌حه‌فتاكانی تەمەنیدایە و خێزانداره و خاوه‌نی شه‌ش منداڵه، كه چوار كوڕ و دوو كچە. حه‌دیدیه‌كان یه‌كێكن له‌هۆزه گه‌وره و كاریگه‌ره‌كانی باشوور و خۆرئاوای كه‌ركوك، بەتایبەت له قه‌زای حه‌ویجه و ناحیه‌كانی عه‌باسی و ریاز هه‌ن. هاوکات، له كه‌ركوك، دیاله، سه‌ڵاحه‌دین و به‌غدادیش دەژین.
له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014دا، داعش به 1500 چه‌كداره‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر قه‌زای حه‌ویجه و ناحیه‌كانی زاب، ریاز، عه‌باسی و سه‌د گوندی کەرکوکدا گرت، دواتر، له ئۆپەراسیۆنێكی هاوبه‌شی هێزه ئه‌منییه‌کانی عێراقدا لە رۆژی (5)تشرینی یەکەمی ساڵی 2017، حه‌ویجه بۆ ژێر دەسەڵاتی هێزە عیراقییەکان گەڕێنرایەوە .
له‌ماوه‌ی حوكمڕانی چه‌كدارانی داعشدا، بە پێی ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران (178) هەزار کەس ئاواره‌ی شاری كه‌ركوك و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عیراق بوون.
بە وتەی سه‌عدون ئه‌حمه‌د قایمقامی قه‌زای حه‌ویجه، له سه‌دا (99)ی ئاوارەی حه‌ویجه گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له‌سه‌دا یه‌ك ماون كه نزیكه‌ی 200 خێزانن.

ئەندامانی لیژنەی ئاشتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن له‌و ماوه‌یه‌ی داعش حوكمی حه‌ویجه‌یان کردووە، بەزۆرەملێ هاوسه‌رگیرییان له‌گه‌ڵ سه‌دان ژن و كچی قه‌زاكه‌دا كردووە.
قه‌زای حه‌ویجه ده‌كه‌وێته باشووری رۆژئاوایی پارێزگای كه‌ركوك و نزیكه‌ی )60( كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌ری شاری كه‌ركوكه‌وه دوورە و ژماره‌ی دانیشتوانی قه‌زاكه نزیكه‌ی )600( هه‌زار كه‌س ده‌بن، لە ساڵی 2017ەوە، قەزاکە رووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و چەسپاندنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی بۆتەوە.
له‌ئێستادا به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییە بەزۆرانەی چه‌كدارانی داعش ئاڵنگاریی دروستکردووە و ئامانجی لیژنەکە هەوڵدانە بۆ بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەڕێی چەند دەروازەیەکەوە.
قایمقامی قه‌زای حه‌ویجه کە هاوکات ئەندامی لیژنەکەشە دەڵێت، له‌دوای ساڵی 2017ە‌وه به‌ده‌ست كێشه‌ی ئه‌و منداڵانه‌وه ده‌ناڵێنن كه تۆمارنه‌كراون و ناسنامه‌یان نییە.
"ئێستا (100) منداڵی بێناسنامه له حه‌ویجه هه‌ن و پێشتریش، به‌ڵگه‌نامه‌مان بۆ (180) منداڵ ده‌ركردوه و به‌شێكی زۆری ئه‌و خێزانانه‌ی نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه حه‌ویجه بێ ناسنامه‌ن"، سه‌عدون ئه‌حمه‌د وادەڵێت.

ئیسماعیل حه‌دیدی دەڵێت، لە دۆخی ئامادەنەبوونی باوکی منداڵەکاندا، لیژنەکە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی منداڵەکان دەدات و خوازیارە ژیانی ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە.
هیچ ئامارێکی کتومت دەربارەی ژمارەی منداڵەکان به‌رده‌ست نییه، چونكه ئه‌و هاوسه‌رگیرییانه له دادگا تۆمارنه‌كراون، بە ووتەی ئەندامانی لیژنەکە.
ئیسماعیل حه‌دیدی دەڵێت، چونكه ئه‌و هاوسه‌رگیریانه‌ی له‌و كاته‌دا کراون دور له‌دادگا بوون و هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیرییان نه‌بووه، بۆیە منداڵه‌كانیش له فه‌رمانگه‌ی باری شارستانی تۆمارنه‌كراون و بڕوانامەی له‌دایكبوونیان نییه.
سروود ئەحمەد، لێپرسراوی کۆمەڵەی هیوا بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانی مرۆڤ و ئافرەتان و منداڵان لە کەرکوک ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەو ژنانە "قوربانی دەستی داعشن چونکە بە زۆرەملێ هاوسەرگیریان لەگەڵ چەکدارەکانی داعش پێکراوە و ئەوەش ئێستا هۆکارە بۆ زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان."
"لەگەڵ سەرۆک هۆز و کەسایەتییەکاندا چەند جارێک کۆبونەتەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە چونکە ئەو ژن و منداڵانە هیچ مافێکی هاوڵاتیبوونیان نییە،" سروود وا دەڵێت.
سێ منداڵیی عائیشه خەڵەف دیسانەوە له قوتابخانه ده‌خوێنن
به‌یانییه‌كی ساڵی 2014 سێ چه‌كداری داعش هەڵدەکوتنە سەر ماڵیان و بە باوکی دەڵێن كام كچت پێشكه‌شی چه‌كداره‌كان ده‌كه‌یت، " یه‌كسه‌ر وتم منم كه هاوسه‌رگیری ده‌كه‌م... دەمزانی خوشكه‌كانم منداڵن و گوناحن، بۆیە خۆمکردە قوربانی".
عائیشه خەڵەف، ته‌مه‌ن )44( ساڵ، دەڵێت، چه‌كداره‌كانی داعش هاتنه ماڵی باوكم وتیان سێ كچت هه‌یه ده‌بێت یه‌كێكیان بده‌یت به‌چه‌كدارێكمان، بە ناچاری باوكم قایلبوو چونكه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێكردبوو.
عائیشه دەڵێت، "هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ چه‌كدارێكدا کرد؛ دوو ساڵ و نیو له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌كداره‌ی داعشدا ژیام و دوو كچم لێی بوو"، عائیشه زۆر به سه‌ختی ژیانی به‌سه‌ر بردووە و تەنانەت چەکدارەکەی داعش خەرجی منداڵه‌كانیشی نەکردووە.
عائیشه کە هاوسەری یەکەمی چه‌كداره‌كه‌ی داعش بووە، بە وتەی خۆی، "هیچ زانیارییه‌كی له‌سه‌ر مێردەکەی نییە و نازانێت له‌كوێ كوژراوه و چی به‌سه‌رهاتووه."
له‌پاش گەڕانەوەی حه‌ویجه بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەت و كرانه‌وه‌ی فه‌رمانگه‌كان، باوکی عائیشه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆز و رێكخراوه‌كاندا کۆبۆتەوە و ئەوان هانیانداوە منداڵه‌كانی کچەکەی به‌ناوی خۆیه‌وه تۆماربكات.
عائیشه دەڵێت، باوکی شه‌وانه ده‌چووه دیوه‌خانی هۆزه‌كه‌ی خۆی بۆ چاره‌سه‌رکردنیی كێشەکەمان و هی خێزانه‌كانی تریش، دوای ساڵانێك له‌پێشكه‌شكردنی مامه‌ڵه و هاتن و رۆیشتن، باوكم وەک چارەسەرێکی ناچاری هه‌ردوو منداڵه‌كه‌می خسته‌سه‌ر ناوی خۆی.
لیژنه‌كەی حەدیدی ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خێزان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه كردوه و هانی خه‌ڵكیانداوه نه‌وه‌كانیان تۆمار بكه‌ن و ئه‌وەش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه دروستكردووه كه گرفتی لەو شێوەیان هەبووە.
بەهۆی هەوڵەکانی لیژنەکەوە، ئێستا دوو کچەکەم خاوه‌نی به‌ڵگه‌نامه‌ی خۆیانن و له‌قوتابخانه ده‌خوێنن.
لیژنەکە بێووچان بەردەوامن؛ تا ئێستا (21) كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمی و ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی لاوه‌كیان کردووە. ئیسماعیل حه‌دیدی دەڵێت، له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانی قه‌زاكه‌دا رۆژانه كۆده‌بینه‌وه تا ئاشته‌واییی كۆمه‌ڵایه‌تی بێتەدی."
"ئەرکمان هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه و گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كانی داعش بووه و هه‌نگاوی گه‌وره‌شمان ناوه"، ئیسماعیل حه‌دیدی وایوت.
کوڕە نۆ ساڵانەکەی ئامینە هەر چاوەڕێی ناسنامەیە
هێشتا رێگاکە دوور و درێژە، چەندین منداڵی تر ماون کە کێشەکانیان بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، له‌وانه‌ش كێشه‌ی كوڕه نۆ ساڵانه‌كه‌ی ئامینه.
ئامینە چه‌ندین جار مامه‌ڵه‌ی پێشكه‌شكردووە تا ناسنامه بۆ كوڕه‌كه‌ی ده‌ربكات، به‌ڵام ده‌ڵێن پێویسته باوكی ئامادە بێت، "نازانم كوژراوه، له‌زیندانه یان هه‌ڵهاتووه، ئاگا‌داری نیم،" ئامینە وا دەڵێت. پێدەچێت هێشتا چەندین کەسی وەک ئامینە مابن، کە سود لەو دەستپێشخەرییە وەربگرن، چونکە تا ئێستا پەیوەندی بە لیژنەکەوە نەکردووه.

"له‌پاش کۆنترۆڵکردنەوەی حه‌ویجه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاوارەکان له‌كه‌مپی (هۆل) لە سوریا راده‌ستی ئیداره‌ی كه‌ركوك كران و هاوكاربوین له وه‌رگرتنه‌وه و نیشته‌جێكردنیان له‌ناو كه‌ركوك، به‌تایبه‌ت ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی لە حه‌ویجه‌وە دوورن"، ئیسماعیل حه‌دیدی وا دەڵێت.
مه‌ترسی سەر ژیانی گەڕاوەکان پەیوەندی بە شێوازی رەفتاری چەکدارانی داعشەوە هەیە کاتێک حه‌ویجه لە ژێڕ دەستیاندا بووە. بە ووتەی حەدیدی، "به‌شێكی زۆری خه‌ڵك دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه بوون."
ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته هاوڵاتییه‌كانی بپارێزێت
هەرچەندە، به‌شێك له كێشه‌كانیش به‌شێوازی سوڵحی عه‌شایه‌ری نێوان خه‌ڵكی حه‌ویجه و كه‌سوكاری چه‌كداره‌كاندا چاره‌سه‌ر بووه، بەڵام کاری زۆریش ماوە بەجێبگەیەنرێت.
پرسی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکان وەک بەربەستێکی گەورە لە عێراقدا دەمێنێتەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی ململانێکانەوە ئاوارە بوون. کارتی نیشتیمانی تەنیا بەڵگەنامەیەکی فەرمی نییە؛ کلیلی دەستڕاگەیشتنە بە مافە سەرەتاییەکان، لەوانە خزمەتگوزارییە گشتییە سەرەکییەکانی وەک چاودێریی تەندروستی، پەروەردە و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی.
لەسەر پرسی چارەسەری یاسایی، پەیڕەو یاسین، شارەزای یاسایی چوار خاڵی خستۆتەڕوو کە لێپرسراوێتی دەوڵەتە بەپێی دەستووری عێراق ئەو ئەرکە بەجێبهێنێت، سەرەتا ئەرکی حکومەتە بە بڕیار و یاسای تایبەت دۆخی مەدەنی ئەم خێزانانە یەکلایی بکاتەوە، هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەی بۆ پێکهاتەکانی دیکە نراون.
خاڵی دووەم مافی ناسنامەیە بۆ منداڵان، منداڵ نابێت باجی تاوانی باوکی بدات. بێبەشکردنیان لە بەڵگەنامەی فەرمی پێشێلکردنی یاسای باری کەسێتی و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە پێویستە پێویستە ڕێکارەکانی سەلماندنی ڕەچەڵەک (DNA) ئاسانبکرێن.
سێیەمیش ئەوەیە کە بنەمای "سزا بۆ تاوانبارە"، لە یاسادا "سزا تەنها بۆ بکەری تاوانە"، نابێت مافە مەدەنییەکانی ژنان و منداڵان تێکەڵی دۆسییە ئەمنییەکان بکرێن؛ مەگەر خۆیان راستەوخۆ بەشدارییان لە تاواندا کردبێت.
چوار و کۆتایی رۆڵی یاسایە لە دەستپێشخەرییەکاندا، دەستپێشخەریی تاقم و هۆزەکان، نمونەی ئەوەی حەویجە، دەبێت تەنها پاڵپشت بن بە یاسا، نەک جێگرەوه‌ی. تەنها دادگا دەتوانێت شەرعییەت بە هاوسەرگیرییەکان و مافە داراییەکانی ئەم خێزانانە بدات، نەک چارەسەری تر.
لەڕووی یاساییەوە، دەکرێت بە پشتبەستن بە یاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە 188 ساڵی 1959 و یاسای کارتی نیشتمانی عێراق ژمارە 3 ساڵی 2016 کێشەی ئەو منداڵانە چارەسەر بکرێت، کە چەند هەنگاوێک لەخۆدەگرێت، لەوانە داوای سەلماندنی نەسەب (سەلماندنی باوکایەتی)، چارەسەری دۆخی “باوکی ونبوو”، هەڵبژاردەی “نەناسراوی نەسەب” (وەک دوا چارەسەر).
دەستپێشخەریی هۆزەکان لە دوو لیژنە پێکهاتووە، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به ناوەندی شار کەرکوک و لیژنه‌ی دووهه‌م بۆ ده‌وروبەری شار؛ لیژنه‌كه له‌سه‌رۆك هۆز و لێپرسراوانی كارگێڕی و قایمقامی ناوه‌ندی و قایمقامی قه‌زای حه‌ویجه و لێپرسراوانی ئه‌منی كه له‌پۆلیسی خۆجێی و هێزه ئه‌منییه‌كان پێكهاتووە. ئیسماعیل حه‌دیدی دەڵێت، "تا ئێستا زیاتر له بیست و یه‌ك كۆبوونه‌وه‌مان کردووە و ئامانجمان گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ژن و منداڵانه‌یه بۆ ناوچه‌كانی خۆیان."
هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه‌یش بۆ ئه‌وه‌یه سوودمەندەکان بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان و ببنه خاوه‌ن كارتی نیشتیمانی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌مافی خوێندن و چاره‌سه‌ری پزیشكی و گه‌شتكردن و دامه‌زراندن بێ به‌ش نه‌بن كه ئه‌وانە سه‌ره‌تاترین مافه‌كانی مرۆڤن.
سەبارەت بە هاریکاریی حکومەت، قایمقامی قه‌زای حه‌ویجه کە هاوکات ئەندامی لیژنەکەشە دەڵێت،"هیچ كێشه و ئاسته‌نگێكمان لەبەردەمدا نییه بۆ تۆماركردنی ئه‌و منداڵه بێناسنامانه و به‌ڵكو حكومه‌ت و دادگا زۆر هاوكار و هه‌ماهه‌نگیشن له‌گه‌ڵمان". هه‌ركه‌سێك ده‌ستی بە خوێنی خه‌ڵكی تر سوور نه‌بێت و تۆمەتبار نه‌بێت ده‌گه‌ڕێته‌وه و وه‌ك كه‌سانی تر ژیانی ئاسایی له حه‌ویجه به‌ڕێده‌كات.
ده‌ستپێشخه‌ری سه‌رۆك هۆزه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانێكی مرۆیی قه‌زای حه‌ویجه، یه‌كێكه له هه‌نگاوە بەرجەستەکان بە ئاڕاستەی چارەسەکردنی یەکێک لەو کێشانەی داعش خستوویەتییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زۆر ماوە بکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو میراتە لە توندوتیژی کە داعش بەجێیهێشتووە.
قایمقامی قه‌زای حه‌ویجه لەو باوەڕەدایە، نابێت چیرۆکی بێناسنامەیی ئەو منداڵانە درێژە بکێشێت، چونکە سەردەکێشێت بۆ کێشەی درێژخایەنی تر، "مافی منداڵان به‌پێی یاسا پارێزراوه و پێویسته مافی پێدانی بەڵگەنامە و چوونه قوتابخانه‌یان بۆ فه‌راهه‌م بكرێت".
عائیشه خەڵەف و ئامینە ئەحمەد ناوی خوازراون
ئۆژین جۆڵا ئەم بەدواداچوونەی کردووەو نوسیویەتی..
|