دابەزینی نرخی نەوت ئابووری عێراق چی لێ دەکات؟

3   کاتژمێر پێش ئێستا  93 جار خوێنراوەتەوە

بەغدا لە رەوانە کردنی مووچەی هەرێم بەردەوام دەبێت؟

دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی وڵاتانی بەرهەم هێنی نەوت دروستکردووە بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە تەنیا پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستن.

دوای زیاتر لە چوار ساڵ نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا بۆ سنوورەکانی ٦٠ دۆلار دابەزی ئەوەش نیگەرانی لای حکوومەتی عێراق دروستکردووە و کورتهێنانی گەورە لە بودجەی ئەمساڵیدا دروست دەکات.

زیاد بوونی کورتهێنانی بودجە کاریگەری لەسەر خەرجییەکانی حکوومەت بە گشتی و مووچە بە تایبەتی دەبێت.

ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانیە، عێراق لەمەودوا کێشەی زیاتر بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست بکات و بە بیانووی جیاوازەوە پارە رەوانە نەکات.

بەشێک لە میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردووەتەوە، حکوومەتی فیدڕاڵی دوای هەشت ساڵ بۆ یەکەمجار ناچاربوە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی دەست بۆ پارەی یەدەک ببات.

بە گوێرەی داتاکانی حکوومەتی فیدڕالی عێراق مانگانە نزیک بە ترلیۆنێک دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانەی هەولێر دەکات، ئەو پارەیە لە بەرانبەر نیوەی داهاتە نانەوتییە فیدڕالییەکانی هەرێمە کە مانگانە و لە باشترین دۆخیدا دەگاتە زیاتر لە 100 ملیار دینار.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا عێراق پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی رەوانە کردووە، بەڵام ناو بە ناو بیانووی جیاوازی هێناوەتەوە و کێشەی بۆ رەوانەکردنی پارە دروستکردووە، لە هەندێک باردا تا سێ مانگ دوای خستووە.

بە بڕوای شارەزایان دابەزینی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتی حکوومەتی فیدڕاڵ کاریگەری راستەوخۆی لەسەر دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەبێت.

هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی رۆژانە زیاتر لە ٣٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنت پێشتر بە قاچاخ و لەڕیی تانکەرەوە ساغی دەکردەوە کە بە پێی ڕاپرتەکانی ئاژانسی رۆیتەرز مانگان داهەتەکەی ٢00 ملیۆن دۆلار بووەو بەڵام دیار نەبووە داهاتەکەی چی لێ دێت.. ، بۆیە ماوەی دوو ساڵە بەردەوام چاوی لە بەغدایە تا پارەی مووچە رەوانە بکات.

دابەزینی نرخی نەوت پەیوەندی بەو هەنگاوانەوەیە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چوارچێوەی جەنگی ئابوری لەگەڵ چین و وڵاتانی دیکە گرتوونیەتە بەر، لە ئەگەری بەردەوامبوونیان کاریگەری زۆر خراپ لەسەر ئابووری جیهان دادەنێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە