بەرەی گەل چۆن بەشداری هەڵبژاردنی عێراق دەکات؟
7 کاتژمێر پێش ئێستا
250 جار خوێنراوەتەوە
هێزە ئەمنیەکان ڕێگرن لەوەی بەرەی گەل بانگەشە بکەن؟
وردە وردە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرەو گەرم بوون دەچێت هەموون سەرقاڵی نمایشکردنی خۆیانن بەڵام.. بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیدانی "بەرەی گەل" تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێنەپەڕاندووە، سەرکردەیەکی ئەو حزبەش دەڵێت، "پارەمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نییە و گوشاری ئەمنیش لەسەر کاندید و لایەنگرانمان هەیە."
شادمان مەلا حەسەن، سەرکردە لە "بەرەی گەل" بە ٧ڕۆژی راگەیاند، کاندیدانی لیستی "بەرەی گەلەکەمان" بەهۆی کێشەی دارایییەوە ناتوانن بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بکەن و حیزب هیچ پارەیەکی نییە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن."
ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل ئاماژە بەوەش دەکات، فشارە ئەمنییەکان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەن، رۆژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەو کەسانە بانگهێشت دەکرێن کە بانگەشە بۆ بەرەی گەل دەکەن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. وتیشی، "لە سنووری کەرکووکیش فشار لە کاندید و لایەنگرانمان دەکرێت کە کار بۆ بەرەی گەلەکەمان دەکەن."
٧ڕۆژ لەوبارەیەوە پەیوەندی بە پۆلیس و ئاسایشی سلێمانیەوە کرد، سەرچاوەیەک لە ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی بە ٧ڕۆژی راگەیاند، "هیچ هێزێکی ئەمنی رێگری لە هیچ لایەن و کاندیدی هیچ حزبێکیش نەکردووە و نەشمانزانیوە هیچ هێزێکی ئەمنیی دیکە ئەو کارەی کردبێت."
زۆرینەی کاندیدانی بەرەی گەل لەم هەڵبژاردنەدا لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەن و دەڵێن، "پۆستەرمان لە هیچ شارێک هەڵنەواستیوە و جارێ دیاریش نییە دەتوانین چالاکی جەماوەری ئەنجام بدەین یاخود نا."
بەرەی گەل لەلایەن لاهوور شێخ جەنگییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، نزیکەی دوو مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە بە تۆمەتی هەوڵ دان بۆ کودەتاو دوای شەڕێکی چەند کاتژمیری لەلالەزاری سلێمانی دەستگیر و دەستبەسەر کراوەو تا ئێستاش پرۆسەی لێکۆلێنەوەو دادگایی کردنی کۆتایی نەهاتووەو تەواو نەبووە.
لەم هەڵبژاردنەدا لیستەکەی بەناوی "بەرەی گەلەکەمان" بەشداریی هەڵبژاردن دەکات، چونکە پارتەکە بەم ناوە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی وەرگرتووە.
3ـی تشرینی یهکهمى 2025 بانگهشهی ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق دهستیپێکرد و تاوهکو 8ـی تشرینی دووهم بهردهوام دهبێت.
ههڵبژاردنی پهرلهمانی عێراق ئەگەر هیچ گرفتێکی بۆ نەیەتە پێش بڕیارە له 11ـی تشرینی دووهمی ئهم ساڵ دهکرێت. کۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهکان ناوی نزیکەی هەشت هەزار کاندیدی پهسەند کردووه بۆ ئهوهی لهو ههڵبژاردنهدا رکابهری بکهن.
|