چۆن پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی بە ناردنی مووچەی هەرێم بەستراوەتەوە؟

22   کاتژمێر پێش ئێستا  574 جار خوێنراوەتەوە

 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوویەوە، وەک چاوەڕوان دەکرا بە وشەیەکیش باسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەکرد، سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی بۆ ٧رۆژ ئاشکرای کرد پرسی مووچە بەستراوەتەوە بە پەسەندکردنی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبییەوە.

یاسای حەشدی شەعبی ئەو یاسایەی کە مشتومڕێکی گەورەی لەناو عێراق دروستکردووە و زلهێزانی جیهانی هێناوەتە سەر خەت و دژایەتی توندی دەکەن.

مەترسی ئەوە هەیە هەمان ئەزموونی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق دووبارە بێتەوە وڵات بە تەواوی بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی گرووپە میلیشیاکان.

لە نوێترین هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر یاساکە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دژایەتی خۆی بۆ یاساکە نیشاندا،ئەوەش وەزارەتی دەرەوەی عێراقی هێنایە دەنگ.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە نیگەرانی قوڵمان بە باڵیۆزی بەریتانیا گەیاندووە لەبارەی لێدوانەكانی لەسەر حەشدی شەعبی و وتەکانی پێشێلکردنی نۆرمە دیپلۆماسییەكانە.

باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا وتبووی عێراق سەقامگیرەو چیتر پێویستی بە حەشدی شەعبی نەماوە.

لە سەر کاردانەوەی شیعە وەلائییەکان لەبارەی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ عەلی ئەکبەر ولایەتی گەورە راوێژکاری عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران ئەنجامداوە.

ویلایەتی، وردەکاریی پەیوەندییەکەی یاسا ئاشکرا کردووە، تیایدا باسیان لە مەترسی گواستنەوەی پرسی داماڵینی چەک لە حیزبوڵای لوبنانەوە بۆ حەشدی شەعبی لە عێراق كردووە.

لە پەیوەندییەکەدا مالیکی جەختیكردووە، ئەمریکا و ئیسرائیل دوای لوبنان دێن بۆ عێراق  بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەكانی حەشدى شەعبی.

بۆ تێپەڕاندنی یاساکە، شیعەکان پێویستیان بە دەنگی کورد و سوننە دەبێت و بە تەنیا خۆیان ناتوانن یاساکە تێپەڕێنن، هەر بۆیە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەستراوەتەوە بە یاساکەوە بەڵام پێ ناچێت کورد بە گشتی و پارتی بە دیاریکراوی بچنە ژێر باری ئەو داواکارییە.

سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی ئاگادار کە قسەی بۆ ٧رۆژ کردووە باسی لەوەکرد، شیعەکان هیچ بیانووییەکان بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەدەستەوە نەماوە و تەنیا پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە بۆیە چاوەڕێی شاندی سیاسی دەکەن.

مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لانیکەم تا ١٠ رۆژی دیکە لە حکوومەتەوە هیچ باس و خواسێکی ناکرێت بەو پێیەی حکوومەت لە پشوودایە و سەرقاڵە بە مەراسیمەکانی چلەی شەهید کردنی ئیمام حوسێنەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە