چۆن ئەمریکا هەڵوێستی بەرانبەر هەرێمی کوردستان گۆڕانی بەسەر هات؟
13 کاتژمێر پێش ئێستا
494 جار خوێنراوەتەوە
دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی، گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر هەرێمی کوردستان هەستی پێ دەکرێ و ئەوەش بەرپرسانی هەرێمی گەیاندووەتە واشنتۆن.
واژۆکردنی دوو گرێبەستی زەبەلاحی بواری وزە لە پایتەختی ئەمریکا لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە بەرانبەر هەرێمی کوردستان هاتونەتە ئاراوە.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ٧رۆژ کەوتوون لە گەرمەی فشارەکانی ئێران و گرووپە شیعیەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان شاندێکی پارتی دیموکرات سەردانی ئەمریکایان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی باسی فشارەکانیان کردووە.
وەڵامی ئەمریکییەکان ئەوەبووە، تەنیا چاوەڕێی گۆڕانکاری بن لە ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی ئەوسا دەستوپەنجەی گرووپە شیعەکان دەکرێت و فشارەکانیش لەسەر هەرێمی کوردستان لادەبرێن.
لە نوێترین هەڵوێستیدا مارکۆ رۆبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە رێز گرتن لە خۆبەڕێوەبردنی کورد کۆڵەکەی سەرەکی تێڕوانینی ئەوانە بۆ عێراق.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی گرووپە شیعەکان دەستیان بە پاشەکشێ لە ناوچەکە کردووە و چیتر هاوشێوەی رابردوو فشار و جموجوڵەکانیان نەماوە.
ئەوە وایکردووە هەرێمی کوردستان دەستکراوە بێ و هەوڵی قۆستنەوەی دۆخەکە دەدات بۆ گێڕانەوەی ئەو پێگەیەی کە لە پێش رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هەیبوو.
مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکانەوە وتی، ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ بەرەوپێشچوونی پەیوەندییە دیبلۆماسی و بازرگانیەکانی نێوان هەردوولا.
هەروەها وتیشی ئەمریکا وەک هاوپەیمانێک لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.
جیا لەوە بڵاوبوونەوەی لێدوانی ژمارەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکی و بەرپرسی پێشووی ئەو وڵاتە بۆ نیشاندانی پشتیوانی ئەمریکییەکان پێگەی هەرێمی لە عێراق بەهێزتر کردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا بە بڕوای بەشێک لە چاودێرانی دۆخەکە، بەرپرسانی ئەمریکی ئەو کاتەی لەدەسەڵات نین پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک ئەوەی مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان نیشاندا لە کاتێکدا کاتێک لە پۆستی وەزیری دەرەوە بوو هەمان هەڵوێستی نەبوو.
ئەگەر هەرێمی کوردستان لە واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکان سەرکەوتوو بێت و عێراق ناچار بێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات ئەوە دەبێتە یەکەم هەنگاو لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە هەرێمی کوردستان بەرانبەر بە بەغدا هاویشتوویەتی.
|