ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی پڕۆژەی رووناکی و مووچە کۆدەبێتەوە

16   کاتژمێر پێش ئێستا  169 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بابەتەکانی مووچە، پڕۆژەی رووناکی و راسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانە بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاریی دەستەی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە حەوتی ئایاری 2025 کاتژمێر10:00 ئەنجوومەنەکە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
 
وەک لە کارنامەکەدا هاتووە کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، کۆبوونەوەکە سێ تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت. تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەبارەی رەشنووسی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە پڕۆژەی رووناکی و دەستەبەرکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاوبەشانی تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی.
 
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی مووچە. لە کارنامەکەدا هاتووە، بەدواداچوونی خەرجکردنی مووچەی مانگی نیسانی 2025ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەم بابەتە لەلایەن وەزیری داراییەوە بۆ ئەنجوومەن دەخرێتەڕوو.
 
لە کارنامەکەدا هاتووە تەوەری سێیەم تایبەت دەبێت بە راسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هاوئاهەنگی و هاریکاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی راپۆرتی هاوبەشن لەسەر وردبینی دارایی هەرێمی کوردستان لە 1-1-2025 تاوەکو 31-12-2025.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە