پووتین: هیوادارم پێویستمان بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم نەبێت

14   کاتژمێر پێش ئێستا  69 جار خوێنراوەتەوە

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا لە لێدوانێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە پەخشکرا، ڕایگەیاند، ڕوسیا هێز و ئامرازی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی "بەشێوەیەكی لۆژیكی" كۆتایی بە جەنگی ئۆكرانیا بهێنێت و هیوادارە هیچ زەمینەیەک بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دروست نەبێت.

ڤلادیمێر پوتن، لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی ڕووسیا کە لە تەلەگرام بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندوە، ڕوسیا هێز و ئامرازی پێویستی هەیە بۆ ئەوەی "بەشێوەیەكی لۆژیكی" كۆتایی بە جەنگی ئۆكرانیا بهێنێت. 

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویست بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیا ناکات و هیوادارە هیچ زەمینەیەک بۆ بەکارهێنانێكی لەو شێوەیە دروست نەبێت.

ئەوەلەكاتێكدایە ڕۆژی دوشەممەی ڕابردو، سەرۆکی ڕوسیا ئاگربەستی کاتی لە پشوی فەرمی لە 8 تا 11ی ئەم مانگە ڕاگەیاند، کە هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگگێڕانی مۆسکۆ بۆ ڕۆژی سەرکەوتن لە جەنگی جیهانی دوەمدا.

كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا (کرێملین) لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، "ڕوسیا پێی وایە لایەنی ئۆکرانیش دەبێ بە هەمان شێوە ئاگربەست ڕابگەیەنێت، ئەگەر لایەنی ئۆکراینی ئاگربەست پێشێل بکات، هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا وەڵامی شیاو و کاریگەر دەدەنەوە".

لەلایەكی دیكەوە مانگی ڕابردو ئاژانسی هەواڵی تاسی فەرمی ڕوسیا لە زاری سێرگی شۆیگو، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا بڵاویكردبوەوە، "ڕوسیا مافی خۆیەتی چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت ئەگەر ڕوبەڕووی هێرشی وڵاتانی ڕۆژئاوا ببێتەوە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە