تەیف سامی بۆ خەرج كردنی مووچە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە
16 کاتژمێر پێش ئێستا
227 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ یەک شەممە (٤ی ئایاری ٢٠٢٥) میکانیزمی ڕاکێشانی ئەمانەتە باجییەکان و گۆڕینیان بۆ داهاتی کۆتایی ڕوونکردەوە، کە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بەکاردەهێنرێت و دەڵێت: بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەتوانرێت خەرج بكرێت بۆ مووچەی مووچەخۆران.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ئاماژەی بەوەكرد، “ئەو حیسابە تایبەتەی ئەمانەتە باجییەکان، کە لە بانکی ناوەندیی عێراق کراوەتەوە، تایبەتە بەو بڕە پارانەی، کە لە کەسانی پابەند بە پێدانی باج کۆکراوەتەوە و زۆربەیان بە داهاتی کۆتایی بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت دادەنرێن”.
ڕاشیگەیاندووە، ڕاکێشانی بڕەکانی ئەمانەتە باجییەکان رێکارێکی ئاساییە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٢٩٤) ساڵی ٢٠٢٥، بۆ پێدانی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.
ئەنجومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ١٥ کە لە ١٥/٤/٢٠٢٥ بەسترا، رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دارایی بۆ راکێشانی بڕی ٣,٠٤٥,٠٠٧,٥٠٠,٢٥٢ دیناری ئەمانەتە باجییەکان کە پێنج ساڵیان بەسەردا تێنەپەڕیوە، بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر.
سامی جەختی کردەوە کە “زۆربەی ئەو کەسانەی پێویستە لەسەریان باج بدەن، سەردانی فەرمانگەکان ناکەن بۆ تەواوکردنی ئەوەی لە ئەستۆیانە لە هەژمارکردنی باج، بە مەبەستی خۆدزینەوە لەو باجەی کە دانراوە.”
وتوشیەتی، “وەزارەت لیستی ناو و ژمارە و بڕی پارەی ئەو کەسانە و کۆمپانیایانەی لای هەیە، کە پارەیان لە ئەستۆیە، بۆ گەڕانەوە بۆیان لە کاتی سەردانکردنی دەستەی گشتی باجەکان لە لایەن کەسانی پابەندەوە.”
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، پێویستە وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان خێرایی بدەن بە ئەنجامدانی هەژمارکردنی باج و ڕێکخستنەکان لە ماوەی ١٠ ڕۆژ وەک زۆرترین کات، دەستپێک لە بەرواری دەرچوونی بڕیارەکە.
بڕیارەکە هەروەها جەخت دەکاتەوە لەسەر لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانەی کەمتەرخەمن لە جێبەجێنەکردنی حوکمەکانی یاسای باجی داهات و سەپاندنی سزاکان لە لایەن دەستەی گشتی باجەکانەوە بەپێی یاسا.
|