قایمقامی سلێمانی: بۆ سەلامەتی کرێکاران زیاتر لە هەزار شوێنمان ئاگادرکردوەتەوە

6   کاتژمێر پێش ئێستا  84 جار خوێنراوەتەوە

ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ڕێگەی لیژنەکانیانەوە بۆ سەلامەتی کرێکاران و لەبەر نەبونی مەرجی سەلامەتی شوێنێکیان داوە بە دادگا و زیاتر لە هەزار و 100  شوێنی دیكەشیان ئاگادارکردوەتەوە کە مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن، ئەوە جگە لەوەی حەوت شوێنیشیان لەسەر پابەندنەبون داخستوە.

ئاوات محەمەد، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ڕۆژی جیهانی کرێکاراندا کە ڕۆژی 1ی (ئایار/5)ی هەمو ساڵێک دیاریکراوە، قایمقامی سلێمانی پیرۆزبایی لە کرێکاران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران، تا ژیانێکی شایستەیان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، "لە سۆنگەی باوەڕبونمان بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەردەوام بوین لە پشتیوانیکردن لە خەباتی مەدەنی و پیشەیی کرێکاران و داکۆکیکردن لەمافە رەواکانییان، لەبەرئەوەی چینی كرێكاران لە كوردستاندا، چینێکی سەرەکی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و هەمیشە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبوە لە گەشە و ئاوەدانکردنەوە و بنیادنانی وڵاتەکەمان".

ئاوات محەمەد باسی لەوەشكرد، ساڵانێکە قائیمقامیەتی سلێمانی گرنگی بە ژیان و سەلامەتی کرێکار دەدات و کاری بۆ باشتربونی هەلومەرجی کرێکاران و ژینگەی کارکردنیان کردوە، خۆشبەختانە لیژنەی سەلامەت کرێکاران لە سەرەتای دەست بەکاربونیەوە لە ساڵی  2018ـەوە تاوەکو  ئەمڕۆ توانیویانە هەشت هەزار و 181   سەردانی بۆ کارگە، کۆمپانیا و شوێنەگشتییەکان ئەنجام بدەن.

ئەوەشی خستەڕو، هەزار و 104 شوێنیان ئاگادارکردوەتەوە كه‌ پێویسته‌ له‌شوێنی كاركردنیاندا رەچاوی مه‌رج ورێنماییه‌كانی سه‌لامه‌تی كرێكار بکەن، یەك شوێنش بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی کرێکارەوە روبەڕوی دادگا کردوەتەوە و حەوت شوێنیشیان داخستوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە لە رێگەی ئەو لیژنەیەوە ئاستەنگ و مەترسییەکانی بەردەم کرێکاران کەمبکەینەوە، تاوەکو رێگری بکرێت لەو قوربانییە زۆرانەی دەستی کار، کە ساڵانە بەهۆی نەبونی مەرجەکانی سەلامەتییەوە رودەدەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە