وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی بۆ تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەردەکات

4   کاتژمێر پێش ئێستا  181 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەنگاوێکی نوێدا بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ:
 
رەچاوی ژینگەدۆستی و کەمخەرجی کراوە
هەرێمی کوردستان رێنمایی نوێی تۆمارکردنی تاکسی دەخاتە بواری جێبەجێکردن
 
بە واژووی بەڕێز رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٥ی تۆمارکردنی تاکسی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردن. رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥ بە نووسراوی ژمارە ١٢٨٧١، لە هەنگاوێکی نوێدا وەزارەتی ناوخۆ بە ئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە.
 
بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە، هەروەها بە شێوەی یاسایی و فەرمی هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، مافی تۆمارکردنییان وەکو تاکسی دەبێت، لەوانە:  ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە تەنها بە بەنزین کاردەکەن، ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنها بە غازی شل (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV) ، ئاسانکاری تۆمارکردنیان وەکو تاکسی بێ رسومات بۆ کراوە وەکو هاندان بۆ ئۆتۆمبیلی کەمخەرجی و دۆستی ژینگە.
 
جێگای باسە بە گوێرەی ئەو ڕێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسیانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانێت سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێ دەدرێت.
 
بە گوێرەی ڕێنماییە نوێیەکە، ڕەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0) دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکی بۆیە بکات یان لە کۆمپانیایەوە بەم رەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر ڕەنگێکی پەسندکراو جگە لە ڕەنگی تاکسی.
 
 پێویستە ئۆتۆمبیلەکان تازە هاوردە کراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی، و ژینگەیی تێدابێت کە لە رێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ی هەموارکراودا دیاریکراون، تەنها ئۆتۆمبیلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی.
لە ڕێنماییە نوێیەکەدا، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی، ٧٤ جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین، ٨٩ جۆر وەکو پاشکۆ دیارکراون کە ڕێگاپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە