سبەی جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا کۆدەبنەوە
11 کاتژمێر پێش ئێستا
169 جار خوێنراوەتەوە
سبەی دووشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە.
رێواس فایەق، ئەندامی سەرکردایەتی و ئەندامی شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ٧ڕۆژی راگەیاند، سبەی دووشەممە، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی سلێمانی دەکات و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ دەکرێت. پێشتر بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بە میدیای پارتی وتبوو: "بڕیاربوو زووتر کۆبوونەوەکە بکرێ، بەڵام لەبەر دیداری یەکێتی دواخرا بۆ 28ی مانگ."
پێشتر چەند گەڕێکی دانوستاندن لەنێوان شاندی دانوستاندنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڕێوەچووە و هەردوولا ئاماژە بەوە دەکەن، ''بەرەوپێشچوونی باش'' لە گفتوگۆکان هەیە.
پێنجشەممە، 24-04-2025، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 11ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ''وەکو پارتی هەوڵێکی باشمان هەیە بۆ رێککەوتن و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت، هەروەها گەشبینین لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەینە رێککەوتن.''
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان رایگەیاند، حیزبەکەی داوای هیچ پۆستێکی نەکردووە، ''زۆر جار باس لەوە دەکرێت پارتی داوای پۆستە سیادییەکان دەکات، ئەوە ئێمە نین، بەڵکو ئەوە نەریتی هەڵبژاردنە و یاسایە کە کێ براوەی یەکەم بێت، پۆستی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای ئەوان بێت.''
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـى تشرینى یەکەمی 2024 کرا. پارتى 39 کورسی و یەکێتى 23 کورسی بەدەستهێنا، لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.
|