ژمارەی بریندارانی تەقینەوەکەی ئێران 400 کەسی تێپەڕاند

2025-04-26  256 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 406 کەس کە لە تەقینەوەکەی ئەمڕۆدا لە بەندەرعەباس بریندار بوون، بۆ نەخۆشخانەکان گوێزراونەتەوە.
 
رۆژی شەممە، 26ی نیسانی 2025، لە شاری بەندەرعەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا.
 
بە پێی میدیای ئێران، دەنگی تەقینەوەکە زۆر بەهێز بووە و تاوەکو چەند کیلۆمەتر دوورتر لە شاری بەندەرعەباس و تەنانەت لە دوورگەی قشم دەنگەکەی بیستراوە.
 
بابەک یەکتاپەرەست، وتەبێژی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، تاوەکو ئێستا 406 برینداری رووداوەکە گەیێنراونەتە نەخۆشخانەکانی شاری بەندەرعەباس لە باشووری ئێران.

بە وتەی وتەبێژی فریاکەوتنی ئێران، فریاکەوتنی شارەکانی شیراز، جەهرم و لار لە پارێزگای فارس کەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە و هاوئاهەنگیی پێویست بۆ گواستنەوەی برینداران بۆ نەخۆشخانەکانی ئەم شارانە کراوە. هەروەها هێلیکۆپتەرێکی فریاکەوتن لە شاری لارەوە بەرەو بەندەرعەباس بەڕێکەوتووە.
 
محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندی بە پارێزگار و بەڕێوەبەری مانگی سووری هورموزگان کرد و داوای کردووە، بەپەلە لێكۆڵێنەوە بکرێت و هۆکاری تەقینەوەکە روونبکرێتەوە.
 
کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان دەڵێت، لێكۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە.
 
دوای تەقینەوەکە، ئاگرێکی گەورە لە بەندەری شەهید رەجایی بەندەرعەباس کەوتووەتەوە و دووکەڵێکی رەش بە ئاسمانی ناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە. بە دەیان تیمی ئاگرکوژینەوە و فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە. تیمەکانی ئاگرکەوتنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن و تیمەکانی فریاکەوتن بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکان دەگوازنەوە. 
 
میدیای ئێران دەڵێت، دوای تەقینەوە هەموو چالاکییەکانی بەندەرەکە راگیراون و هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەردەوامن.
 
بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە رایگەیاندووە، دوای تەقینەوەکە لە هەموو نەخۆشخانەکانی شاری بەندەر عەباس دۆخی ئامادەیی راگەیێنراوە.
 
کۆمپانیای نیشتیمانی پالاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێرانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "تەقینەوەکەی بەندەری شەهید رەجایی بەندەرعەباس هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ پاڵاوگەکان و کۆگاکانی سووتەمەنی، دابەشکردن، بۆری و هێلەکانی گواستنەوەی نەوتی کۆمپانیەکە نییە و هەموو دامەزراوەکانی نەوتی لە بەندەرعەباس بە شێوەیەکی ئاسایی کارەکانیان بەردەوامە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە