وەزارەتی ناوخۆ لێکۆڵینەوە لە شەڕەکەی یاریگەی نەورۆز دەکات

6   کاتژمێر پێش ئێستا  78 جار خوێنراوەتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێوان هاندەرانی یانەی زاخۆ و نەورۆز لە سلێمانی شەڕ و گرژی دروست بوو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ "ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە" دروستکرا و سبەی بۆ لێکۆڵینەوە سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکەن.
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە یارییەکی گەڕی 29ی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە لە یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی وەرزشی نەورۆز بەڕێوەچوو، بەداخەوە گرژی دروست بوو لە نیوان هاندەرانی هەردوو یانەکە و بووە هۆی وەستاندنی یارییەکە و بە سووکی برینداربوونی ژمارەیەک هاندەر."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، بارودۆخە نەخوازراوەکە کۆنترۆڵکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەنێو یاریگاکەدان "بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی گیانی یاریزان و هاندەران."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و بڕیارە سبەی (چوارشەممە) سەردانی شوێنی رووداوەکە بکات "بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دەرخستنی راستییەکان."
 
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاندەرانی هەردوو یانە و هاووڵاتییان دەکات "بە رووحی وەرزشی مامەڵە بکەن" و داواش لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی "رۆحی وەرزشی و برایەتی کە بەشێکن لە بنەماکانی کێبڕکێی نێوان هەموو یانەکانی کوردستان و عێراق و وەرزش بە شێوەیەکی گشتی."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە