شاندێکی توركیا و ئیسرائیل لە ئازەربایجان كۆبونەتەوە

2025-04-10  204 جار خوێنراوەتەوە

ئاژانسی ڕۆیتەزر لە زاری سەرچاوە توركی و ئیسرائیلیەكانیەوە بڵاویكردەوە، شاندە تەكنیكیەكانی هەردوو وڵات لە ئازەبایجان كۆبونەتەوە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە ڕوداوە نەخوازراوەکان لە سوریا، دەشڵێت، "تەلئەبیب، ئەنقەرەی ئاگاداركردوەتەوە كە جێگیركردنی هێزی بیانی لە سوریا هێڵێ سورە".

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەزر، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەزاری سەرچاوەکانی لە حكومەتی تورکیا و سەرچاوەیەکی سیاسی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، بەرپرسانی تەلئەبیب و ئەنقەرە دانوستانەکانیان بە ئامانجی ڕێگریکردن لە ڕوداوە نەخوازراوەکان لە سوریا دەستپێکردوە.

سەرچاوە تورکییەکان ڕایانگەیاندوە، دانوستانە تەکنیکییەکان لە ئازەربایجان، سەرەتای هەوڵەکان بوە بۆ دانانی کەناڵێک بۆ دورکەوتنەوە لە ئەگەری پێکدادان یان لێکتێگەیشتنی هەڵە لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.

یەکێک لە سەرچاوە تورکییەکان بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەسەر مەودا یان هێڵی کاتی گفتوگۆکان بخاتەڕو، وتی، "هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی ئەم میکانیزمە بەردەوام دەبن".

سەرچاوەیەكی سیاسی ئیسرائیل ئەو كۆبونەوەی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند، "ئیسرائیل به شێوەیەکی ئاشكرا ڕونیکردوەتەوه که هەر گۆڕانکارییەک له جێگیرکردنی هێزه بیانییەکان له سوریا و به تایبه تی دامەزراندنی بنکەی سەربازی تورکیا هێڵی سوره و به شکاندنی یاساکان دادەنرێت".

نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە شاندێکی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی تزاچی هانێگبی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە ئازەربایجان وتوێژیان کردوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە