ئەوانەی ئەمساڵ خانەنشین بوون، زۆرینەیان مانگی سێش مووچە وەرناگرن
2025-03-24
206 جار خوێنراوەتەوە
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینان دەڵێت، ئەوانەی خانەنشینبوون مووچەی مانگەکانی یەک و دوویان وەرنەگرتووە و زۆرینەیان مانگی سێش مووچە وەرناگرن.
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵانی 1962، 1963 و 1964 خانەنشین بوون. سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە میدیاکانی وت: "بەهۆی تەواونەبوونی مامەڵەکانیان، زۆرینەی ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون، مووچەی مانگی ئاداریش وەرناگرن".
سادق شێخ عوسمان رایگەیاند: "دوو مانگی رابردوو کەمترین خانەنشین مامەڵەیان تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە مانگی سێدا مووچەیان بۆ ببەسترێت؛ هۆکاری وەرنەگرتنی مووچەش هەر ئەوەیە".
بە وتەی سادق شێخ عوسمان، لە زیاتر لە 10 هەزار خانەنشین لە پارێزگای سلێمانی، کەمتر لە 200 کەسیان مامەڵەی خانەنشینییان تەواوکراوە و بۆ مانگی سێ مووچە وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد: "بەڕێوەبردنی مامەڵەی خانەنشینان خاو بەڕێوەدەچێت، سەرەتا بڕیارێک درا کە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان خۆیان مامەڵەکان بکەن، دواتر کاری پێنەکرا، ئێستا دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینانی پارێزگاکان هەموویان مامەڵەکان ببنەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە هەولێر بۆ تەواوکردنی کارەکان، ئەوەش رێوشوێن و کاتی زیاتری پێویستە".
بەوتەی وتەبێژی یەکێتی خانەنشینان، ئەوانەی ئەم ساڵ خانەنشین بوون و مامەڵەکەیان تەواو کراوە، لەگەڵ مووچەی مانگی سێدا، مووچەی مانگەکانی یەک و دووش پێکەوە وەردەگرن.
سادق شێخ عوسمان وتیشی: "مووچەی کەس نافەوتێت؛ هەر خانەنشینێک مانگەکانی داهاتووش مامەڵەکەی تەواو بکرێت و مووچە وەربگرێت، مووچەی هەموو ئەو مانگانەش پێکەوە وەردەگرێت کە تاوەکو ئەو کاتە وەرینەگرتووە".
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگەکانی یەک و دوو دابەشکراوە. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کورستان، رێوشوێنەکانی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئاداریان تەواوکردووە و چاوەڕێی حکومەتی عێراقن بۆ خەرجکردنی پارە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی شارستانی هەن؛ هەروەها نزیکەی 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
|