لە غەززە ڕۆژانە نزیکەی 218 منداڵ لەدایک دەبن

20   خولەک پێش ئێستا  28 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە تۆمارکردنی شەش هەزار و 745 منداڵی تازەلەدایکبووی لە مانگێکدا راگەیاند، ئەمەش بەرزترین ئاماری مانگانەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە.

یەکەی زانیارییە تەندروستییەکان لە وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، کەرتەکە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2026ـدا شەش هەزار و 745 منداڵی تازەلەدایکبووی تۆمار کردووە، بە تێکڕای رۆژانەی نزیکەی 218 منداڵ.

وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، 33%ـی منداڵەکان یەکەم منداڵی دایکەکانیان بوونە، ئەمەش بەرزترین ڕێژەی مانگانەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تۆمار کرابێت.

بەپێی ئەو داتایانەی یەکەکە بڵاوی کردوونەتەوە، ژمارەی لەدایکبوون بە رێژەی 3.6% بەراورد بە مانگی ئەیلوولی رابردوو زیادی کردووە، ئەمەش بەردەوامیی هەڵکشانی ئاماری منداڵانی تازەلەدایکبوو لە نیوەی دووەمی ساڵی 2026ـدا نیشان دەدات.

سەرەتای ئەمساڵ لە مانگی کانوونی دووەمدا پێنج هەزار و 204 منداڵ تۆمار کراون، پێش ئەوەی ژمارەکە دابەزینێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و لە مانگی نیساندا بگاتە نزمترین ئاستی خۆی بە تۆمارکردنی دوو هەزار و چوار منداڵ، دواتر لە مانگەکانی هاویندا ژمارەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرز بووەتەوە تا لە مانگی تشرینی یەکەمدا گەیشتووەتە لووتکە و شەش هەزار و 745 منداڵ تۆمار کراون.

ئەم ئامارە نوێیە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا هۆشداریی تەندروستی دەربارەی دۆخی دایکان و منداڵانی تازەلەدایکبوو لە کەرتی غەززە زیاتر بووە. هاوکات  وەزارەتی تەندروستیی غەززە هۆشداریی داوە لە نەمانی یەکجاریی پۆشاک و پێداویستییە پزیشکییەکان کە هەڕەشەی وەستانی نەشتەرگەرییەکان دەکەن.

لە تشرینی یەکەمی 2023ـەوە تا ئێستا، شەڕ و ململانێکان لە کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 74 هەزار و 736 کەس، برینداربوونی زیاتر لە 176 هەزار و 194 کەس و وێرانبوونی نزیکەی 90%ـی ژێرخانی کەرتەکە. بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە و سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان، تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا سێ هەزار و 958 لەبارچوونی منداڵ تۆمار کراون کە زیاتر لە سێ هێندەی نیوەی دووەمی ساڵی 2025ـە و 7.2%ـی ئافرەتانی دووگیان و شیردەریش بەدەست بەدخۆراکیی توندەوە دەناڵێنن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە