دوو ئەندامی کورد لە لیژنەی لێکۆڵینەوەی هێرشی کۆرمۆر بەشدارن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
378 جار خوێنراوەتەوە
پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی حەوت کەسیی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکهێنا، کە دوو ئەندامی کوردیشی تێدایە.
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکە لە پێنج سەرۆکی لیژنە جیاوازەکانی پەرلەمان پێکدێت، لەوانە سەرۆکانی لیژنەکانی ئاسایش و بەرگری، دەستپاکی، هەرێم و پارێزگاکان و دەروازە سنوورییەکان. هاوکات رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی و هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز، وەک دوو پەرلەمانتاری کورد بە شێوەیەکی کاتی بەشداریی لیژنەکەن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی روونیکردەوە، لیژنەکە بۆ بەدواداچوونی دوو بابەتی سەرەکی دیاریکراوە؛ یەکەمیان پرسی جورف سەخرە، کە پێشتر حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی بۆ پێکهێنابوو، بابەتی دووەمیش لێکۆڵینەوەیە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.
لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمان لیژنەیەکی لەبارەی دۆسیەی قاچاخی نەوت لە کەرکووک و سلێمانییەوە بۆ ئێران پێکهێناوە. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و دۆسیەی قاچاخی نەوت، پرسیاری جددییان لەبارەی ئاسایشی کێڵگەکانی وزە و پاراستنی ژێرخانی گازی عێراق دروستکردووە، بەتایبەت کە هێرشەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز و دابینکردنی کارەبا هەبووە، ئێستا چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکرێت تا وردەکارییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا ببن.
سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی زەیدی، ئەترووشی وتی: "یەکلاییکردنەوەی ناوی کاندیدانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و جێگری سەرۆکوەزیران، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە و پەیوەستە بە گەیشتن بە رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان."
ئەترووشی رایگەیاند، بەرپرسیارێتیی یەکلاییکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان لە ئەستۆی سەرۆکوەزیراندایە، پێویستە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان کۆببێتەوە و لەسەر بەربژێرەکان رێکبکەون، دواتریش ناوەکان ئاراستەی پەرلەمان بکرێن تا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا دەنگیان لەسەر بدرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە، پرسی تەواوکردنی کابینەکە لەم قۆناغەدا لە دەستی پەرلەماندا نییە، بەڵکو چاوەڕوانی رێککەوتنی سیاسی و بڕیاری حکوومەت دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێرەکان، تا لەو رێگەیەوە پەرلەمان متمانە بە تەواوکاریی پێکهاتەی کابینەی وەزاری بدات.
|