پلانى بەغدا بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرابوو
30 خولەک پێش ئێستا
111 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی نەوتی عێراق پلانی بەڕێوەبردنى هاوبەشى بۆ کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان هەیە و بەنیازە نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ بنێرێتە کێڵگەکان بۆ زانینی ئاستی بەرهەمهێنانی راستەقینە و بۆ ئەوەش دانوستاندن لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات.
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی لیژنەی هەرێم و پاریزگاکان، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری نەوتی عێراق باسی لە "ئامانج و پلانی وەزارەتەکەی کردووە لەبارەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و قەبارەی بەرهەم و خستنەڕووی پلانی بەڕێوەبردنی هاوبەش بۆ رێگری لە بەقاچاخبردن و دیاریکردنی بڕی بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و رێکارەکانی هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەت بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی.
ئومێد بەرواری، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و پلاندانان و کارنامەی حکومی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە: "پلانەکەی وەزارەتی نەوت وایە کە کارمەندی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دابنێت بۆ زانینی قەبارەی راستەقینەی بەرهەمهێنان و بڕی هەناردە و ئەوەی بۆ ناوخۆ بەکاردەهێنرێت، تاوەکو ژمارەیەک بەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێنرێت کە دروست نییە."
ئومێد بەرواری وتیشی، وەزارەتی نەوت بۆ ئەو پلانەی کە هەیەتی، دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2027 هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بەوەی کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بفرۆشێت، لە کاتێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی کەمترە لەو بڕە.
یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، رادەستکردنی نەوتە، کە بەگوێرەی رێکارێک کە تێیدا خەرجکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانیش دیاریکراوە.
|