خۆپیشاندانەکانی کەرکووک پارەی موەلیدەی بۆ 15 هەزار دینار کەمکردەوە
45 خولەک پێش ئێستا
95 جار خوێنراوەتەوە
قایمقامیەتی کەرکووک نرخی مانگانەی یەک ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەهلییەکانی بە 15 هەزار دینار بۆ تەواوی ناوچەکانی شارەکە دیاریکرد و رایگەیاند، بڕیارەکە بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێ.
بەپێی بڕیاری قایمقامیەتی ناوەندی کەرکووک کە بە واژۆی ئاڤێستا محەممەد عیزەدین، قایمقامی ناوەندی کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە دەرچووە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی ئابووری و بژێویی هاووڵاتییان و لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانیان، چەند بڕیارێک سەبارەت بە نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان درا:
* نرخی مانگانەی موەلیدە ئەهلییەکان لە سەرجەم گەڕەک و ناوچەکانی سەنتەری پارێزگای کەرکووک دەبێتە 15 هەزار دینار بۆ یەک ئەمپێر، ئەوەش بە شێوەیەکی یەکگرتوو بۆ هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی.
* سەرجەم خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان پابەند دەکرێن بەو نرخەی دیاریکراوە و رێگە نادرێ هیچ بڕە پارەیەکی زیاتر لەوە لە هاووڵاتییان وەربگیرێت.
* لیژنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی مەیدانی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەکەن، سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن و رێکاری یاسایی و کارگێڕیی پێویست بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنەبەر.
* سەرجەم ئەو بڕیار و رێنماییە پێشووانەی کە لەگەڵ ئەم بڕیارەدا یەکناگرنەوە، هەڵدەوەشێنرێنەوە.
بەهۆی دیاریکردنی نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بە 18 هەزار دینار بۆ مانگی رابردوو، لە بەشێکی گەڕەکەکانی شاری کەرکووک هاووڵاتییان شەی ڕابردوو هاتنە سەر شەقامەکان و دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.
|