ئەمریکا جارێکی دیکە داوا دەکات هەناردەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە
9 کاتژمێر پێش ئێستا
144 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن بە زووترین کات لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بگاتە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا.
تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە میدیای پارتی وتووە: "ئێمە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا بە زووترین کات بگاتە رێککەوتنێک و رێز لە گرێبەستە ھەنووکەیییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا بگرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا، "گەرەنتیی ئەوە دەکات کە نەوتی عێراق دەگاتە بازاڕە جیھانییەکان، بەتایبەت بازاڕەکانی ئەوروپا."
هاوکات هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەكەیان میوانداری بریکاری وەزارەتی نەوت، بەڕێوەبەرانی گشتی ئابوری، یاسایی، کۆمپانیای نەوتی باکور، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) کردووە، لەبارەی هەمواری مادەی (12) لە یاسای بودجەو هەفتەی داهاتووش کۆبونەوەكان بەردەوام دەبێت.
وتیشی، بە قسەی ئەو بەرپرسانەبێت بێت، هەفتەی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
لە کۆبونەوەی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت، سێ خاڵ لەنێوان هەولێر و بەغداد لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت جێگەی ناکۆکین، تێبینی لەسەر کۆمپانیای راوێژکاری هەیە، کە بۆچونەكانی کاریگەریی لەسەر گۆڕینی گرێبەستەکان نەبێت، بەڵکو تەنیا بۆ وردبینی ئەو لیستانە بێت پێشکێشیان دەکەن، هاوكات تێبینی لەسەر ئەو بڕە نەوتە هەیە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ وردبینی لەو بڕە نەوتەی هەناردە دەکرێت.
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.
|