ئێران: مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێن لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندن ناکەین

32   خولەک پێش ئێستا  16 جار خوێنراوەتەوە

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بەندە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە حەوت مەرجی نوێمان پێشکێش کردووە''.

موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، باسی چارەنووسی دانوستاندنەکانی تاران و واشنتنی کرد و رایگەیاند، ناگەڕێنەوە بۆ دیپلۆماسیی رابردوو، بەڵام واز لە دیالۆگیش ناهێنن.

بەوتەی موحسین رەزایی، ئێران لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە حەوت مەرجی نوێی پێشکێشی ئەمریکا کردووە ''تا مەرجەکانمان جێبەجێ نەکرێن، نە گەرووی هورمز دەکەینەوە، نە دەگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستاندن''.

18ـی ئایار، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاران و واشنتن واژۆکرا، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام هەر زوو یەکدییان بە پێشێلکردنی خاڵەکانی یاداشتەکە تۆمەتبار کرد، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بەوە کرد: ''جیاوازیی دانوستاندنی ئەمجارە ئەوە دەبێ کە ئێمە گەرەنتییەکە لەنێو پێکهاتەی رێککەوتنەکەدا دادەنێین''.

کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی، هەڵگرتنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان لە مەرجەکانی تارانن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن،  ئێران هەروەها داوای راگرتنی جەنگ و گرژییەکانی ناوچەکە (بە لوبنان و یەمەنەوە)، گەڕانەوە بۆ لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد و پابەندبوونی واشنتن بە پابەندییەکانی دەکات، موحسین رەزایی دەڵێت، سەرەتا پێویستە ئەمریکا پابەندییەکانی جێبەجێ بکات، دواتر ئێران بڕیار لە کردنەوەی تەنگەی هورمز دەدات''.

رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران وەک ستراتیژێکی جەنگەکە گەرووی هورمزی داخست.

داخرانی گەرووی هورمز و جەنگەکە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دانا، رۆژی دەستپێکی جەنگ بەرمیلێک نەوت بە 72.5 دۆلار بوو، بەڵام دواتر گەیشتە 120 دۆلار. 

هەرچەندە ئەمریکا بانگەشەی کرانەوەی گەرووی هورمز دەکات، بەڵام ناوە ناوە بەهۆی بەرکەوتنی مینی دەریایی ئێران، کەشتییەکان تووشی زیان دەبن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە