"لە یەکشەممەوە تورکیا خاڵە سەربازییەکانی زیلیکان رادەستی عێراق دەکاتەوە"

50   خولەک پێش ئێستا  263 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا، بڕیارە لە رۆژی یەکشەممەوە تورکیا خاڵە سەربازییەکانی لە سەربازگەی زیلیکان رادەستی هێزە عێراقییەکان بکاتەوە؛ هاوکات تیشک دەخاتە سەر دۆسیەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

رۆژی چوارشەممە، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند تا ئاسایشی سنوورەکانیان بە تەواوی مسۆگەر نەکرێت هێزەکانیان لە عێراق و سووریا ناکشێننەوە، ئەم لێدوانە کاردانەوەی بەغدای لێکەوتەوە.

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق تاوتوێی لێدوانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیایان کردووە و داوایان لە باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە کردووە بەدواداچوون و وردبینی بۆ ئەو هەڵوێستە بکات.

سەبارەت بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی کۆبوونەوەی 23ـی ئەیلوولی نێوان عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە نیویۆرک، راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاوکرایەوە و رێککەوتن لەسەر ئەوە کرا، کە دەوڵەتی عێراق کۆنترۆڵی چیای شنگال بگرێتە دەست و سەربازگەی زیلیکان لە باشیک و خاڵە سەربازییەکان چۆڵ بکرێن.

وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی: "لە رۆژی یەکشەممەوە ئەو خاڵە سەربازییانە رادەستی لایەنی عێراقی دەکرێنەوە، ئەوانەشی پەیوەستن بە چەکدارانی نێو شنگال، تێکەڵ بە هێزە فەرمییە ئەمنییەکان دەکرێن."

سەربازگەی سوپای تورکیا دەکەوێتە نزیک گوندی گوداد، کە تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای شێخانەوە دوورە دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا.

لەبارەی ئامادەیی هێزەکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە، کە هەماهەنگی هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی چەکدارە ئێرانییەکان و لەو بارەیەوە رێککەوتن و هەنگاوی پێشکەوتوو نراوە.

عەبوودی وتیشی: "ئەوەی لەم دواییانەدا لەبارەی رادەستکردنەوەیان بە ئێران دەبیسترێت، تاوەکو ئێستا تەنیا لە ئاستی گفتوگۆدایە و نەبووەتە رێککەوتنی کۆتایی؛ چونکە چوارچێوەی یاسایی نێودەوڵەتی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو چەکدارانەی کە لە وڵاتێکن و دژی دەوڵەتێکی دیکە چالاکی دەکەن."

هەروەها جەختی کردەوە کە عێراق پەیامی دڵنیایی داوەتە وڵاتانی دراوسێ، کە رێگە نادات خاکەکەی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشیان، هاوکات لە هەنگاوەکانیدا پابەندی سەرجەم یاسا و چوارچێوە نێودەوڵەتییەکان دەبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە