ریکلامکردن بۆ ڤیزای شنگن لە هەرێمی کوردستان قەدەغە کرا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  25 جار خوێنراوەتەوە

هەر کۆمپانیا و نووسینگەیەک ریکلامی وەرگرتنی ڤیزای شنگن بکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی  هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، ماوەیەکە بەشێک لە کۆمپانیا و نووسینگەکانی گەشتیاری ریکلامی بێ بنەما بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن و بەریتانیا دەکەن، ئەم کۆمپانیایانە پارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان وەردەگرن و بەهۆیەوە زیانی دارایی بە بەشێکیان گەیشتووە، بۆیە داوای راگرتنی ئەو جۆرە رێکلامانەیان لێدەکەین چونکە پێچەوانەی ئەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبنەوە.

جەختیشیکردەوە، ئەم بانگەشانە بوونەتە مایەی نیگەرانیی ئۆفیس و کونسوڵخانەکانی وڵاتانی دۆست لە هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی ڤیزا رێکاری یاسایی و کارگێڕیی تایبەتی خۆی هەیە و تەنانەت کونسوڵخانەکانیش هیچ گرەنتییەک بۆ وەرگرتنی ڤیزا بە کەس نادەن. بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەم تەنیا بە رێگەی سیستمی فەرمیی ئۆنلاینی ڤیزای وڵاتان کار بکەن و دۆکیۆمێنتی پێویست پێشکەش بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، هێمن میرانی داوای لە هەموو نووسینگە و کۆمپانیاکانی گەشتیاری و فڕۆکەوانی و هەر پلاتفۆرمێک کرد کە ریکلامی ڤیزای شنگنی بەریتانیا، ئەمریکا، کەنەدا و وڵاتانی دیکە دەکەن، بەپەلە ریکلامەکانیان بسڕنەوە و چیتر ئەو بانگەشانە نەکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە