تۆم باراک: نازانم هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران هەڵە بووە یان نا

49   خولەک پێش ئێستا  7 جار خوێنراوەتەوە

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، دۆخی ململانێکانی ئەمریکا و ئێران بە ترسناک وەسف دەکات و دەڵێت، نازانێت ئایا هەڵگیرساندنی جەنگ دژی تاران هەڵە بووە یان نا.

لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئاسایشی جیهانی لە دەوحە، تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق، تیشکی خستە سەر ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران و ئاماژەی بەوەکرد ململانێکان دەرئەنجامی نەخوازراویان لێ کەوتووەتەوە و دۆخەکە زۆر ترسناکە.

نێردەکەی ترەمپ لە کۆڕبەندەکەدا ڕایگەیاند، نازانم ئایا جەنگ دژی ئێران هەڵەیە یان نا، بەڵام هەر جارێک هەوڵ دەدەین و دەستوەردان بکەین بۆ ئەوەی کەسێک یان دەسەڵاتێک بگۆڕین، پێدەچێت کارێکی هەڵە بووبێت.

هاوکات ترەمپی بە سەرۆکێک وەسف کرد کە دژی جەنگە درێژخایەنەکانە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکییان ڕێگریکردن بووە لەو هەڕەشە ئەتۆمییانەی واشنتن لە ئێرانی دەبینی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باراک ستایشی هەوڵەکانی قەتەر، عومان، پاکستان و سویسڕای کرد لە ئاسانکاریکردن بۆ دانوستانەکان لەگەڵ تاران و ڕوونیشیکردەوە نەبوونی متمانە لە نێوان واشنتن و سوپای پاسدارانی ئێران، بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم گەیشتن بە ڕێککەوتن. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە