تەنیا سێ رۆژ ماوە بۆ دانەوەی قەرزی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی
1 کاتژمێر پێش ئێستا
56 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی کارەبا دوایین وادە بۆ دانەوەی قەرزی پێش (پرۆژەی رووناکی) دیاریکرد و رایگەیاند، تەنیا سێ رۆژ لەبەردەست هاووڵاتیان ماوە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: 19ی تشرینی یەکەم، دوایین وادەیە بۆ دانەوەی قەرزی پێش (پڕۆژەی رووناکی) لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە.
لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە، دوای تەوابوونی ئەو وادەیە، قەرزی پێش (پرۆژەی رووناکی) بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە قیستی مانگانە.
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 23-09-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاردرا دەرفەتێکی دیکە وەک دوایین دەرفەت بدرێتە هاوبەشانی کارەبا، بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە داشکاندن لەسەر قەرزی پێش پڕۆژەی رووناکی بە رێژەی 50% و تاوەکو 19-10-2026 بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو هاوبەشانەی قەرزی پێش (پرۆژەی رووناکی)ان لایە لەو وادەیەدا قەرزەکانیان نەدەنەوە، خۆکارانە سیستمەکە قەرزەکانیان دەخاتە سەر قیستی مانگانەی (پڕۆژەی رووناکی) بەبێ ئەوەی داشکاندنی بۆ بکرێ.
داشکاندنی قەرزی (پێش رووناکی) بە هەمان میکانیزمی پێشوو دەبێت:
- %50 داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.
- %25 داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی، میری، جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە.
- ئەم داشکاندنە جێبەجێ دەکرێت تەنیا ئەگەر هاوبەشەکە بڕی تەواوی قەرزی داشکێنراو بەیەک جار بدات لە رێگەی ئی-پسوولەوە یان هۆبەکانی فرۆشیاری وزە.
|