رووسیا: بەشار ئەسەد ڕادەستی سووریا ناکەینەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایدەگەیێنێت، بڕیاری پێدانی مافی پەنابەریی سیاسی بە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا "جێگیر و نەگۆڕە" و مۆسکۆ بە هیچ جۆرێک ناچێتە ژێر باری رادەستکردنەوەی بە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق.
گیۆرگی بۆریسێنکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، بۆکەناڵی (RTVI)ی رووسی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری داواکردنی بەشار ئەسەد لەلایەن سەرکردایەتیی نوێی سووریاوە، وتی، "هاوکارانی سووریا بە باشی دەزانن کە رووسیا لەسەر بنەمای مرۆیی مافی پەنابەریی سیاسیی بە بەشار ئەسەد بەخشیوە؛ بەرپرسانی ئێستای دیمەشقیش باش تێدەگەن کە ئەم بڕیارەی مۆسکۆ جێگیر و نەگۆڕە و بە هیچ شێوەیەک پێداچوونەوەی تێدا ناکرێت."
سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دوای گۆڕینی دەسەڵات، ئەو دیپلۆماتکارە باڵایەی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەچن و گوتی، "دیالۆگی سیاسی لەنێوان هەردوولادا چالاکانە گەشە دەکات، هەرچەندە هاوکارییە بازرگانی و ئابوورییەکان هێشتا کەمترن لە ئاستی چاوەڕوانییەکان."
بۆریسێنکۆ ئەوەشی خستەڕوو کە مۆسکۆ لە هەوڵدایە دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی دارایی و ژێرخانی سووریا، پەرە بە هاوبەشییە ئابوورییە دووقۆڵییەکان بداتەوە.
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2024، دوای پێشڕەویی خێرای هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و کۆنتڕۆڵکردنی دیمەشق، دەسەڵاتی بەعس بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد رووخا، پاشان ئەسەد و بەشێک لە ئەندامانی ماڵباتەکەی بەرەو مۆسکۆ هەڵاتن و لەو کاتەوە مافی پەنابەریی سیاسییان لە رووسیا پێدراوە.
|