"عێراق چوار کێڵگەى غازى هەیە و سوودى لێوەرنەگرتوون"
54 خولەک پێش ئێستا
23 جار خوێنراوەتەوە
ئەحمەد موفتى بریکارى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، لەبارەى نەوت، غاز و کارەباى 24 کاتژمێرییەوە ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە غازی خۆی توانیەتی کارەبای 24 کاتژمێری بەرهەم بهێنێت.
بە وتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کەرتی کارەبا یەکێکە لە پڕتێچووترین کەرتەکان:
بەشیک لە قسەکانی جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
- 2.5 ملیار دۆلار تێچووی ساڵانەی کەرتی کارەبایە لە هەرێمی کوردستان، کە دەکاتە مانگانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار.
- 120 ملیۆن دۆلار لەو 200 ملیۆن دۆلارەی مانگانە، تەنیا بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەڕوات.
- 8,000 مێگاوات بەرامبەر 4,500 مێگاوات: پێشتر وا دەخەمڵێندرا کە خواستی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7,500 بۆ 8,000 مێگاوات بێت، بەڵام دوای دەستپێکردنی "پڕۆژەی رووناکی"، دەرکەوت لە کاتی بەرزترین خواستدا تەنیا پێویست بە 4,500 مێگاوات کارەبا دەکات بۆ ئەوەی بێتە 24 کاژێری.
- داهاتی کارەبا: پێش پڕۆژەی رووناکی، داهاتی مانگانەی کارەبا کەمتر بوو لە 20 ملیۆن دۆلار (کەمتر لە 10%ـی تێچووەکەی دەگەڕایەوە)، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار و ئامانج ئەوەیە سێکتەرەکە بەتەواوی خۆبژێو بێت.
- 10 ملیار دۆلار: کۆی ئەو قەرزە کەڵەکەبووەیە کە لە ساڵانی رابردووەوە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
- 7,000 موەلیدە: لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەنیا 7,000 موەلیدەی گەڕەکەکان هەن کە خاوەندارێتییان بۆ کەمتر لە 1,000 کەس دەگەڕێتەوە (لە بەرامبەردا لە عێراق زیاتر لە 30,000 موەلیدە هەن).
- 1,000 تا 1,400 مێگاوات: ئەو بڕە کارەبایەیە کە لە وێستگەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ دەکرێت.
هاوکات ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چەندین ئاماری گرنگی لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنان و بەفیڕۆچوونی پارە لە عێراق ئاشکرا کرد:
- 37%ـی گازی عێراق لە هەرێمی کوردستانە: لە کۆی گشتی توانای بەرهەمهێنانی عێراق کە نزیکەی 3 ملیار پێ سێجایە، زیاتر لە 35% بۆ 37%ـی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت.
- گەشەی بەرهەمی کۆرمۆر: بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە 350 ملیۆن پێ سێجا لە ساڵی 2020ـەوە بۆ 750 تاوەکو 800 ملیۆن پێ سێجا لەم کاتەدا بەرزبووەتەوە و کۆی گازی هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 1,000 ملیۆن پێ سێجا.
- توانای بەرزبوونەوە بۆ 3 هێندە: هەرێمی کوردستان پلان و توانای هەیە بەرهەمی گاز لە 1,000ـەوە بۆ 2 تا 3 ملیار پێ سێجا لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە.
10 ملیار دۆلار بەفیڕۆدان لە عێراق:
٠ عێراق ساڵانە 6 بۆ 8 ملیار دۆلار "دەسووتێنێت" بەهۆی بەکارهێنانی دیزڵ و نەوتی رەش لە وێستگەکانی کارەبادا لەبری گازی سروشتی.
٠ نزیکەی 2 ملیار دۆلاریش لە پاڵپشتیی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ و ئاسن بەفیڕۆ دەڕوات (کە نەوتی رەش بە 250 دۆلار بۆ هەر تەنێک وەردەگرن، لە کاتێکدا لە بۆرسەی جیهانیدا بە 470 دۆلارە).
• 3,000 تۆن: ئەو بڕە نەوتە رەشەیە کە رۆژانە تەنیا لە ناوچەی بازیان لە کارگەکاندا دەسووتا، بەڵام بڕیاردراوە بکرێتە گاز و ئەو سووتەمەنییە رابگیرێت.
• ٪80 کارمەندی ناوخۆیی: لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، رێژەی بەخۆجێیکردنی کادیران گەیشتووەتە 80%.
بە گوتەی ئەحمەد موفتی قەیرانی بەنزین و دۆسیەی نەوت بەمشێوەیەیە:
• 6 ملیۆن لیتر: خواستی رۆژانەی هەرێمی کوردستانە بۆ بەنزین.
• 50,000 بەرمیل: ئەو بڕە نەوتە خاوەیە کە بەغدا بۆ پاڵاوتن رۆژانە دەیداتە هەرێم، کە تەنیا بەشی بەرهەمهێنانی کەمێک زیاتر لە 1 ملیۆن لیتر بەنزین دەکات و زیاتر لە 4.5 ملیۆن لیترەکەی دیکە دەبێت لە رێگەی کەرتی تایبەت و بازاڕی ئازادەوە دابین بکرێت.
• 400,000 تاوەکو 500,000 بەرمیل: ئەو بڕە نەوتەیە کە لە بودجەی عێراقدا داوا کراوە هەرێم رادەستی بکات. بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایانگەیاند، ئەگەر شایستەی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان خەرج بکرێت، نەک 400,000 بەڵکو دەتوانن بەرهەمهێنان بگەیەننە 500,000 بەرمیلیش لە رۆژێکدا.
|