“مەترسیەکان ماون و داعش لە پێش ساڵی 2014 بەهێزترە”

59   خولەک پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لە گەڕانەوەی ڕێکخراوی داعش و دەڵێت، داعشی ئەمڕۆ لە پێش ساڵی 2014 بەهێزترە و هەڕەشەکە هێشتا مەترسیدارە.

ئەمڕۆ سێشەممە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە پانێلێکی دیداری مێری لە هەولێر، باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد بە تایبەتیش دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە دا، هۆکاری هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ عێراق لە ساڵی 2014 بۆ پێویستی و داواکارییەکی فەرمیی حکوومەتی فیدراڵی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە. ئەوەی خستەڕوو، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2011، عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش پێویستی بە پاڵپشتی هەبوو، لەسەر ئەو بنەمایەش هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و بەشداریی چەند وڵاتێکی ئەوروپا پێکهێنرا بۆ ئەوەی پشتیوانیی پێداویستییەکان، ئاسمانی و هەواڵگری پێشکەش بە دامەزراوە ئەمنییەکان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو بە هاوکاریی هاوپەیمانان و بەتایبەتی پاڵپشتییە ئاسمانییەکانیان، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق توانیان داعش تێکبشکێنن و پشتیان بشکێنن، ئەگەر ئەو پاڵپشتییە ئاسمانییە نەبووایە، دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا نەدەبوو.

رێبەر ئەحمەد رەتیکردەوە مەترسییەکانی داعش کۆتاییان هاتبێت و وتی، داعشی ئەمڕۆ لە پێش ساڵی 2014 بەهێزترە و هەڕەشەکە هێشتا مەترسیدارە. ئەوەشی خستەڕوو، بیروباوەڕی توندڕەویی هێشتا لە عێراقدا ماوە و زەمینە بۆ گەڕانەوەیان لەبارە ئەگەر حکومەتەکان خزمەتگوزارییەکان باشتر نەکەن و رێز لە جیاوازیی پێکهاتەکان نەگرن. جەختیشی کردەوە، ئەم کشانەوەیە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە ئەستۆی عێراق.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەشی بەوە دا، کە تەنیا داعش مەترسی نییە، بەڵکوو تاوانە سنووربەزێنەکان، تاوانی رێکخراو، گەندەڵی و ماددە هۆشبەرەکان ئاستەنگی گەورەن. لەم بارەیەوە جەختی کردەوە، کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان گەورەترە لە تیرۆر، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی پلەبەندی خێزان و کۆمەڵگە وێران دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە