ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەكرێت بەكارتی زیرەك و مامەڵەكانیش دەبنە ئۆنلاین
39 خولەک پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، پڕۆسەی بەناوكردنی دیجیتاڵی ئۆتۆمبێلی لە هەولێر راگەیاندو ئامادەكاریش دەكرێت بۆ ئەوەی سیستمەكە لەسلێمانی و هەڵەبجە بخرێتەكار، كە لەڕێگەیەوە هاووڵاتییان دەتوانن بەشێك لە كارەكانی دەرهێنان و گواستنەوەی خاوەنداریی ئۆتۆمبێل بە ئۆنلاین ئەنجام بدەن و ساڵیانەی ئۆتۆمبێليش دەبێتە كارتی زیرەك.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پڕۆسەی بەناوكردنی دیجیتاڵی ئۆتۆمبێلی لە هەولێر راگەیاندو ئاماژەی بەوەكرد: لە هەولێر لۆدێكی زۆری لەسەر بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ هەیە و لە شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجەش ئامادەكاری بۆ جێبەجێكردنی سیستمەكە دەكەین.
راشیگەیاند: پڕۆژەكە پێویستی بە بینای نوێ و كەلوپەلی تایبەت هەیە، ئەمڕۆ تەنها لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە بەشی بارهەڵگر دەستپێدەكات، ساڵیانەكە هاوشێوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێتە كارتێكی بچوك و لەرووی ئاسایش و ئەمنەوە پارێزراوە.
بەپێی زانیارییەكان، لە رێگەی بەناوكردنی دیجیتاڵی ئۆتۆمبێلەوە، هاووڵاتیان دەتوانن لە ماڵەوە و لە رێگەی ئۆنلاینەوە بەشێك لە هەنگاوەكانی دەرهێنان، بەناوكردن، گواستنەوە ئەنجامبدەن، كە ئەمەش بابەتی خاوەندارێتی پتەو دەبێت و هیچ كەسێك ناتوانێت بە فێڵ و ساختە ئۆتۆمبێلێك لە كەسێكەوە بگوازێتەوە بۆ سەر ناوی كەسێكی دیكە.
هاوكات بەپێی سیستمەكە، دەبێت خاوەنی ئۆتۆمبێل لەماوەی 90 رۆژدا ئۆتۆمبێلەكان بكەن بەناوی خۆیانەوەو ئەمەش رێگری لەو دۆسیانە دەكات كە هەندێك كەس دەیان ئۆتۆمبێلیان بەناوەوە بووەو دوای كۆچی دواییان ئۆتۆمبێلەكان بوونەتە وەرەسە.
|