وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم سکاڵا لەسەر کۆمپانیای لویس ڤیتن تۆماردەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  38 جار خوێنراوەتەوە

 وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چەندین بەڕێوەبەرایەتی و رێکخراو لە هەرێمی کوردستان لەسەر بەکارهێنانی دیزاینی فەرەنجی لەلایەن کۆمپانیای (لویس ڤیتن)ەوە، نووسراویان بۆ وەزارەتی رۆشنبیری کردووە و داوا دەکەن سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکە تۆماربکرێ.

نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ئەمڕ بە ٧ڕۆژی وت، پارێزەرانی وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر هێڵن، سەرقاڵی ئامادەکردنی سکاڵایەکن لەسەر کۆمپانیای لویس ڤیتن و داوای راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی لێ دەکەن.

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سکاڵاکەدا داوا دەکەین کۆمپانیای لویس ڤیتن ئەو دیزاینەی کە بە تەواوەتی لە فەرەنجی کوردییەوە وەرگیراوە رابگرێ و نەیخاتە بازاڕەوە، یان روونکردنەوە بدات و ئاماژە بە ناوی کوردستان بکات."

چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆمپانیای جیهانیی لویس ڤیتن لە یەکێک لە نمایشەکانی جلوبەرگدا لە فەرەنسا جۆرە جلوبەرگێکی نمایش کرد کە شێوەکەی لە فەرەنجی دەچوو.

وەزارەتی رۆشنبیری روونیکردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا سکاڵاکە ئامادە دەبێت، هاوکات فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە لەگەڵ حکومەتی فەرەنسا لەسەر هێڵن بن و ئەو هەڵەیە راست بکرێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە