رووفاتی 153 ئەنفالکراو دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان

1     کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

ژمارەیەکی دیکە لە رووفاتی ئەنفالکراوان کە 153 رووفاتن و لە بیابانەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 26ی ئەیلوولی 2026 دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دەڵێ، دوای تەواوبوونی رێکارەکان بە خاک دەسپێردرێن.

ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی رایگەیاند، "رووفاتی 153 قوربانیی ئەنفال لە گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە بیابەنەکانی سەماوە دۆزراونەتەوە و ئەمڕۆ شەممە دەگەڕێندرێنەوە سلێمانی."

بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، رووفاتەکان زۆربەیان ژن و منداڵن، خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانن، دوای تەواوبوونی رێکارەکان بە خاک دەسپێردرێن.

دۆزینەوەی رووفاتەکان و هێنانەوەیان بە هاوبەشی دەزگای شەهیدانی هەرێمی کوردستان و پزیشکی دادی بەغدایە. ئەدیب لەتیف دەڵێت، "نموونەی خوێن لە رووفاتەکان وەرگیراوە و بەراورد دەکرێ بە خوێنی کەسوکاری ئەنفالکراوان، بەگوێرەی بەڵگە و رێکارەکان دەبرێنەوە شوێنی خۆیان و بە خاک دەسپێردرێن."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە