"هیچ بەڵگەیەک نیە خنکانی 18 پەنابەری كورد پشتڕاستبكاتەوە"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
133 جار خوێنراوەتەوە
كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا رایدەگەیەنێت: تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێكی رەسمی دەسەڵاتدارانی لیبیا نییە كە خنكانی 18 پەنابەرە كوردەكە لە دەریای ناوەڕاستدا پشتڕاستبكاتەوە.
ئەحمەد سەحاف، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا رایگەیاند: بە وردی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو 18 پەنابەرە كوردە دەكەین كە بە رێگەی نایاسایی چوونە خاكی لیبیاوە و ئێستاش دەنگۆی خنكانیان لە دەریای ناوەڕاستدا بڵاوبووەتەوە.
سەحاف ئەوەشی خستووەتەڕو لەگەڵ لایەنە ئەمنی و تەندروستی و مانگی سوری لیبیا لە گفتوگۆدان بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ئەو 18 پەنابەرە.
كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عیراق لە لیبیا ئاماژەی بەوەشدا: تائێستا هیچ لێدوانێكی رەسمییان لە دەسەڵاتدارانی لیبیاوە پێنەگەیشتووە كە خنكانی ئەو پەنابەرانە پشتڕاستبكاتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی خنكانی 18 پەنابەری كورد لە دەریای ناوەڕاستدا بڵاوكرایەوە، كە گوایە لە لیبیاوە بە بەلەم بۆ ئیتاڵیا بەڕێكەوتوون و لەرێگادا بەلەمەكەیان ژێرئاوكەتووە و خنكاون.
|