مەسعود پزیشکیان بۆچی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆنابێتەوە؟

49   خولەک پێش ئێستا  216 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، بەهۆی "بێ متمانەیی" نێوانیان ئامادە نییە راستەوخۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، بەڵام وڵاتەکەی رێگە بە گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی ئەتۆمی دەدات و پابەندی کردنەوەی تەنگەی هورمز دەبێ لە 7 رۆژدا ئەگەر واشنتن مەرجەکانیان قبووڵ بکات. هاوکات دڵنیایی دا کە تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەی بە تەواوی باشە.

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (سی بی ئێس نیوز)ی ئەمریکی، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک تۆمار کراوە، باسی لەوە کرد، ئەستەمە متمانە بە ئەمریکا بکرێ بۆ کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ، لەکاتێکدا "رۆژانە سزای نوێمان بەسەردا دەسەپێنێت و هەڕەشە دەکات."

پزیشکیان لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری دیداری رووبەڕوو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتی، "تاوەکو ئەو کاتەی دەستبەرداری ئەو گوشار و سزایانە نەبن کە رۆژانە بەسەرماندا دەیسەپێنن، ئەستەمە متمانەیان پێبکەین. ئەوان رۆژانە سزامان بەسەردا دەسەپێنن، هەڕەشەمان لێدەکەن، بۆردوومان دەکەن و پابەندی ئەو بەڵێنانەش نابن کە دەیدەن."

سەرۆککۆماری ئێران، ئەمریکای بە هۆکاری تێکچوونی لێکتێگەیشتنی 60 رۆژە دانا کە لە 17 ی حوزەیران لەنێوان ئەمریکا و ئێران واژۆکرا و روونیکردەوە، ئەگەر واشنتن پێشنیازە نوێیەکەی تاران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز پەسند بکات، رێکارەکانی کردنەوەی تەنگەی هورمز و رێگەدان بە پشکنەران لە هەمان رۆژی پەسندکردنەوە دەستپێدەکەن.

پزیشکیان باسی لەوە کرد وڵاتەکەی ئامادەیە رێگە بە پشکنەرانی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بچنە نێو وڵاتەکەیەوە و گوتی، "ئەگەر بیانەوێ بێن و پشکنین بکەن، دەتوانین لەنێو دانوستاندنەکاندا لەسەر ئەو بابەتە بگەینە رێککەوتن."

سەرۆککۆماری ئێران وتیشی، پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لە رووی ئایینییەوە "حەرامە" و تەنانەت ئەگەر کەسانێک لەنێوخۆی ئێرانیشدا هەبن بیانەوێ ئەو کارە بکەن، لە رووی شەرعییەوە رێگەیان پێنادرێ بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕۆن.

لە بەشێکی دیکەدا، پزیشکیان باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی لە هێرشەکانی سەرەتای ئەم ساڵەوە دەرنەکەوتووە.

پزیشکیان وەک پزیشکێک دڵنیایی دا لە دۆخی تەندروستیی رێبەری نوێی ئێران و رایگەیاند، "لە رووی پزیشکییەوە تەندروستیی بە تەواوی باشە و برینەکانی رووخسار و قاچەکانی چاکبوونەتەوە. ئەمەم لێ وەربگرن، چونکە خۆم پزیشکم. رێبەر هیچ کێشەیەکی تەندروستیی نییە و دوایین جار بۆ زیاتر لە حەوت کاژێر پێکەوە دانیشتین."

سەرۆککۆماری ئێران روونیکردەوە بڕیارە ستراتیژی و دیپلۆماسییەکان لەلایەن تیمێکی شەش کەسییەوە دەردرێن کە لە نوێنەرانی دەزگا ئەمنییەکان، پەرلەمان و ناوەندە حکومییەکان پێکهاتوون و بە هەماهەنگی بڕیار دەدەن.

پزیشکیان ئەو قسانەی رەتکردنەوە کە گوایە سەرکردەکانی تاران لە پەناگەدا خۆیان شاردبێتەوە و وتی، لە کاتی جەنگدا بە بەردەوامی وڵاتیان بەڕێوەبردووە و پەناگەیان بەکارنەهێناوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە