بافڵ تاڵەبانی: رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران سەرکەوتنێکی هاوبەشە
57 خولەک پێش ئێستا
27 جار خوێنراوەتەوە
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی پەیامێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەمڕۆ، جیهان بە هیوایەکی زۆرەوە دەڕوانێتە کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیویۆرک بۆ گفتوگۆکردنێکی تایبەت و مێژوویی و بە ناوی گەلی کوردەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و ستایشم ئاڕاستەی سەرکردایەتی و دانوستانکارانی ئەو دوو گەلە مەزنە دەکەم.
دەقى پەیامەکە بافڵ تاڵەبانی:
ئەمڕۆ، جیهان بە هیوایەکی زۆرە دەڕوانێتە کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیویۆرک بۆ گفتوگۆکردنێکی تایبەت و مێژوویی.
بە ناوی گەلی کوردەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و ستایشم ئاڕاستەی سەرکردایەتی و دانوستانکارانی ئەو دوو گەلە مەزنە دەکەم.
بوێرییەکی مەزنی دەوێت بۆ تێپەڕاندنی دەیان ساڵ لە دووبەرەکی، بەڵام سەرکردایەتی راستەقینە بەو جەنگانە ناپێورێن کە دەیانکەین، بەڵکو بوێری هەنگاونان و بەرقەرارکردنی ئاشتییە.
دانوستانکارانی ئێرانی و ئەمریکی ئەوەیان بۆ جیهان سەلماند کە پاڵەوانبوون چۆنە و چۆن بە ژیری، کرداری و ئازایەتییەکی نکۆڵی لێنەکراو رووبەڕووی ئاڵۆزییەکان دەبنەوە.
رێککەوتنێکی هەمیشەیی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا تەسلیمبوون یان لاوازی دەسەڵات نییە، بەڵکو سەرکەوتنێکی هاوبەشە.
لەم ساتەدا، کلیلی سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەکیان بە دەستی ئەوی دیکەیانە. بە کارکردنی پێكەوەیی، هێز و توانای ئەوەیان هەیە کە بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییە گرنگەکانیان بکەن، کەرامەتی خۆیان بپارێزن و بە جیهانی نیشان بدەن کە شکۆمەندی لە دیپلۆماسیدایە.
لەم بارودۆخەدا، پێویست ناکات هیچ لایەنێک بەسەر لایەکەی تردا زاڵ بێت؛ بەڵکو دەکرێت هەردوولا ببنە هاوبەش لە سەرکەوتنێکی مێژویی بۆ ئاسایشی جیهانی.
خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە گیانی داهێنان، ئازادی و سەرکردایەتی ناسراون و خەڵکی شکۆمەندی ئێرانیش، میراتگری شارستانییەتێکی مەزنن بە کولتوورێکی دەوڵەمەند، خۆڕاگر و ژیری ناسراون، شایستەی داهاتوویەکن دوور لە ئاڵۆزی و توندوتیژی.
ئەم کۆبوونەوەیە دەرگا بە رووی سەردەمێکی نوێدا دەکاتەوە، کە تێیدا دەتوانرێت خواستەکانی هەردوو کۆمەڵگا لە کەشوهەوایەکی شکۆمەندانەدا بهێنرێنە دی.
بۆ ناوچەکەمان، کاریگەرییە گەورە و بەردەوامەکانی ئەم بارودۆخە بە هیچ شێوەیەک نابێت کەم سەیربکرێن. لێکتێگەیشتنی سەرکەوتووانەی نێوان واشنتن و تاران، دەبێتە بناغەیەکی راستەقینە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام، سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووریی هاوبەش بۆ هەموو لایەک.
بۆ ئەو سەرکردە و دیپلۆماتکارانەی کە بەردەوامن لە ئەم کارە گرنگە: جیهان چاوی لە ئێوەیە و دڵمان لەگەڵتاندایە. بە هەمان ئەو رۆحییەت و بوێرییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆن کە لەسەر ئەم مێزە کۆیکردنەوە، بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن. ئێوە پێشتر ئەوەتان سەلماندووە کە گۆڕانکاریی مێژوویی شتێکە بەدەستدەهێندرێت، ئێستاش، با بەڵێنی سبەینێیەکی پڕ لە ئاشتی بدەین.
خودا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بپارێزێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
|