ئەنجوومەنی وەزیران دەرفەتێکی دیکە بە قەرزارانی کۆنی کارەبا دەدات

50   خولەک پێش ئێستا  17 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەرفەتی دووەم بە هاوبەشانی کارەبا دەدات لەبارەی داشکاندن لە قەرزی کارەبا. ئەو هاوبەشانەی قەرزی کارەبایان نەداوەتەوە، دەتوانن لە ماوەی 25 ڕۆژدا سوودمەند بن لە پرۆسەکە.

ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاری دا، لە سبەی پێنجشەممە 24-09-2026 پرۆسەی داشکاندن لە قەرزی کارەبا دەست پێدەکات، ماڵان و هاوبەشانی کشتوکاڵی داشکانی سەدا 50 داشکاندنیان بۆ دەکرێت، هاوبەشە پیشەسازی و بارزگانی و فەرمانگەکانی حکومەت داشکانی سەدا 25 یان بۆ دەکرێت، ئەم پرۆسەیە تاوەکو 18-10-2026 بەردوام دەبێت، مەرجە پارەکە بەیەکجار بدرێت.

تیمی پڕۆژی ڕووناکی بە ئاڤای وت، ئەمە دوایین هەل دەبێت بۆ هاوبەشانی کارەبا بۆ ئەوەی لە لێخۆشبوونی کارەبا سوودمەند بن، چونکە سیستەمەکە وا دانراوە لەدوای 18-10-2026 ڕاستەوخۆ دەگۆڕێت بۆ قیست و لەگەڵ پسوولەی کارەبای مانگانە بە شێوەی قیست قەرزی کۆنی کارەبا لە هاوبەشان وەردەگیرێتەوە.

لە کۆی دوو ملیۆن هاوبەشی کارەبا، پێشتر 400 هەزار هاوبەش هیچ قەرزێکیان لەسەر نەبووە و 800 هەزار هاوبەشیش لە پرۆسەی لێخۆشبوونی ڕابردوو بە بڕی 300 ملیار دینار سوودمەند بوون. 800 هەزار هاوبەش ماون کە قەرزەکانیان نەداوەتەوە، بەشێکی زۆریان قەرزەکەیان کەمترە لە 300 هەزار دینار.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە