حکومەتی هەرێم بڕیارێکی لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی دەرکرد
56 خولەک پێش ئێستا
195 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ کەسوکاری شەهیدان دەرکرد
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بڕگەیەکی تایبەت بە ڕێنماییەکانی یاسای خانەنشینیی هەموارکردەوە و بازنەی سوودمەندبووانی لە درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٥ ساڵ فراوانتر کرد.
بەپێی فەرمانە نوێیەکەی ئەنجومەنی وەزیران، بە ژمارە (١١٧٦٠) لە ڕۆژی ٢٠٢٦/٩/١٧، بڕگەی (سێیەم/٢) لە فەرمانەکانی پێشووتر هەموار کراوەتەوە. لە دەقە هەموارکراوەکەدا بڕیار دراوە، کە مافی درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٥ ساڵ، جگە لە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان، ئەم توێژانەی خوارەوەش بگرێتەوە:
ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی شەهیدانی کوردی فەیلین.
ئەو فەرمانبەرانەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن، کە بەپێی یاسای دەزگای شەهیدانی (ئیتیحادی) ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٦ی هەموارکراو تۆمارکراون.
هەروەها لە فەرمانەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوونی ئەو فەرمانبەرانە لەم بڕیارە، پێشکەشکردنی بەڵگەی فەرمییە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی دۆسییەکانیان.
|