تۆڕێکی دیکەی گەورەی گەندەڵی لە عێراق دەستگیر کران

56   خولەک پێش ئێستا  12 جار خوێنراوەتەوە

دەستەی دەستپاکی عێراق، تۆڕێکی گەورەی گەندەڵییان ئاشکرا کردووە و دەستیان بە کڕینی زیاتر لە ١٧٠ موڵک لە پارێزگاکانی بابل و بەغداد کردووە، کە بەهایان بە دەیان ملیار دینار مەزەندە دەکرێت، تۆڕەکە موڵکەکانیان بە ناوی کەسانی دیکە و لەنێویاندا خزم و هاوڕێکانیان تۆمارکردووە، تاوەکو خاوەندارێتیی ڕاستەقینەیان بشارنەوە و لە پشکنینی دارایی بەدوور بن.

دەستەی دەستپاکی عێراق سەبارەت بە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنێک و دەستگیرکردنى تۆڕێکى گەندەڵکار و دەستگرتن بەسەر دەیان مامەڵە، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی بابل پاش بەدواداچوونی ورد، توانیان تۆڕێکى نۆ کەسی ئاشکرا بکەن و سەرجەم ئەندامانی دەستگیر بکەن، سەرۆکی ئەو تۆڕە بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی شارەدێی ئەبی غەرەقە و پێشتر پۆستی بەڕێوەبەری تۆماری خانووبەرەی مەنسوور و بابلی بەڕێوەبردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەستیان بە کڕینی زیاتر لە ١٧٠ موڵک لە پارێزگاکانی بابل و بەغداد کردووە، کە بەهایان بە دەیان ملیار دینار مەزەندە دەکرێت، تۆڕەکە موڵکەکانیان بە ناوی کەسانی دیکە و لەنێویاندا خزم و هاوڕێکانیان تۆمارکردووە، تاوەکو خاوەندارێتیی راستەقینەیان بشارنەوە و لە پشکنینی دارایی بەدوور بن، ئەم موڵکانە زەویی دەوڵەت و زەویی کشتوکاڵیشیان لەخۆگرتووە.

دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە بابل، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرجەم تۆمەتباران بەپێی ماددەکانی ٢٨٩ و ٢٩٨ لە یاسای سزادان دەرکردووە، هاوکات دادگا بڕیاریدا دەست بەسەر سەرجەم بەڵگەنامە و دۆسیە پەیوەندیدارەکاندا بگیرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە، تیمێکی دەستەکە بە هاوکاریی شانەی هەواڵگریی دەستیان بە بەدواداچوونی بەڵگەنامەکان کرد، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت تۆمەتباران هەوڵیانداوە بەڵگەکان لەناوببەن، پرۆسەی بەدواداچوون بووە هۆی دۆزینەوەی بەشێک لە بەڵگەنامەکان کە لەنێو جانتایەکدا لەنێو گیا و ئاو و پوشدا شاردرابوونەوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکان لە کەناراوەکانی رووباری حلە فڕێدراون، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە لێکۆڵەران تاوەکو نەتوانن سەلماندنی کڕینی موڵکەکان بە ناوی کەسانی دیکەوە بە ئەنجام بگەیەنن، تیمی لێکۆڵینەوە گەیشتوونەتە شوێنەکە و بەڵگەنامەکانیان لە ئاوەکە دەرهێناوەتەوە، دەرکەوتووە سەرۆکی تۆڕەکە، خاوەنی دوو باڵەخانەی بازرگانییە لە سەنتەری حلە، جگە لەو موڵکانەی پێشتر ئاماژەیان پێکرا,

 دەستەی دەستپاکی جەختیکردەوە، سەرجەم بەڵگەکان بەشێوەیەکی یاسایی بە بەڵگە کراون و تۆمەتباران رەوانەی بەردەم دادوەر کراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە