قەرزی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون دەدرێتە هاووڵاتیان
11 کاتژمێر پێش ئێستا
251 جار خوێنراوەتەوە
بانکی خانووبەرەی عێراق، مەرجەکانی وەرگرتنی قەرز بۆ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون و زانیاری لەبارەی بڕی قیستی مانگانە و ماوەی پێدانی قەرزەکەشی دەخاتەڕوو. قەرزەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بانکەکە، کاتژێر 12ی نیوەڕۆی دووشەممە 17/03 /2025 لینکی تۆمارکردن و دەرگای پێشکێشکردنی قەرزی دەستپێشخەری بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی دەروازەی ئور-ی حکومەتی عێراق کرایەوە.
سامی ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی قەرز لە بانکی خانووبەرە، بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، دەستپێکردنی فۆڕمی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی پلاتفۆڕمی ئورەوە دەبێت، کە بە شێوەی ئەلیکترۆنی داواکاری پێشکەش دەکرێت.
وتیشی: "بۆ ناو کۆمەڵگەکان راستەوخۆ لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەکەوە داواکاری پێشکەش دەکرێت بەپێی تەرخانکراوە بەردەستەکان و دوای لێکۆڵینەوە لە پابەندبوونە داراییەکانی بانک".
سەبارەت بە مەرجەکانی دەرەوەی کۆمەڵگەکان وتی، دەبێت رووبەری یەکەی نیشتەجێبوونەکە لە 100 مەتری چوارگۆشە کەمتر نەبێت لەگەڵ کەفیلێک کە مووچەکەی لە دوو هێندەی قیستی مانگانە کەمتر نەبێت.
قیستەکە بڕەکەی 438 ھەزارە، بەبێ سوود لەگەڵ کرێی کارگێڕی بڕاو کە بڕەکەی ٪5ـە و تەنیا یەکجار دەبڕدرێت، جگە لەوەش خانووەکە بۆ تەواوی ماوەی پێدانی قەرزەکە کە 20 ساڵە گڵدەدرێتەوە.
لە عێراق حەوت بانکی حکومیی هەن، بریتین لە بانکەکانی: رەشید، رافیدەین، پیشەسازیی، کشتوکاڵ، خانووبەرە، بازرگانی عێراقی و نەهرەینی ئیسلامی.
سۆران عومەر، ئەندامی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە راگەیاند، ئەو قەرزە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، چونکە لقی ئەو بانکە حکومییەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان نییە.
|