"هیچ جۆرە چەک و کەرەستەیەکی سەربازی لە خاکی عێراقدا جێناهێڵین"
1 کاتژمێر پێش ئێستا
43 جار خوێنراوەتەوە
دیپلۆماتکارو بەرپرسانی باڵای ئەمریکا ڕێنمایییەکانی ترەمپ بۆ بەجێنەهێشتنی چەک لە عێراق و گواستنەوەی سەرکردایەتیی هاوپەیمانان بۆ ئوردن ئاشکرا دەکەن؛ هاوکات بەغداش واشنتن لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپەکان کاتی دەوێت.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن، وادەی 30ـی ئەیلوول وەک دەستپێکی قۆناغی کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دیاری کراوە؛ پڕۆسەیەک کە هاوکات دەبێت لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێ هەرێمییەکان.
دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "ئەلحەدەس" ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕێنماییی تووندی داوە کە لە کاتی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق، بە هیچ جۆرێک سیناریۆی ئەفغانستان دووبارە نەبێتەوە.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ئەمریکا بە پێچەوانەی ئەوەی لە کابول ڕووی دا، لە کاتی کشانەوەیدا هیچ جۆرە چەک و کەرەستەیەکی سەربازی لە دوای خۆی لە ناو خاکی عێراقدا بەجێناهێڵێت.
هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بۆ هەمان کەناڵ ئاشکرای کرد، سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژ بە داعش گواستراوەتەوە بۆ ناو خاکی شانشینی ئوردن و لەوێ بەردەوام دەبێت لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی.
ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر هەڕەشەیەکی نوێی داعش عێراق بەشدار دەبێت لە بەرپەرچدانەوەیدا، هاوکات سووریاش لە ڕیزی پێشەوەی ئەو لایەنانە دەبێت کە ڕووبەڕووی ئەو ڕێکخراوە دەبنەوە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەش کرد، واشنتن بە وردی چاودێریی جموجۆڵی باڵەکانی ئێران لە عێراق دەکات، بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە هەڕەشە بۆ سەر هێزەکان و کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست دەکەن.
سەرچاوە نزیکەکان لە حکومەتی عێراق بۆ کەناڵی ئەلحەدەس ئاشکرایان کرد، بەغدا بە فەرمی واشنتنی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە سوورە لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەکی سەرجەم گرووپەکان و خستنەژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، بەڵام هاوکات بە لایەنی ئەمریکییان ڕاگەیاندووە کە کۆنترۆڵکردنی چەک پڕۆسەیەکی ئاسان نییە و "کاتی دەوێت" تاوەکو بە شێوەیەکی ئاشتییانە و بێ گرژی یەکلا بکرێتەوە.
|