لە عێراق نزیکەی پێنج هەزار ئەکاونتی ساختەی فێڵکردن داخران
37 خولەک پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاماری کارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی بۆ ئەمساڵ ڕاگەیاند، تێیدا 249 تۆمەتبار دەستگیرکراون و زیاتر لە چوار هەزار و 800 هەژماری ساختەش کە بۆ فێڵکردن لە هاووڵاتییان بەکاردەهێنران، بلۆک کراون.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاشکرایکرد، هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی زانیاری لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 249 کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی، هاوکات زیاتر لە چوار هەزار و 890 پەیج و ئەکاونتی ساختە بە یەکجاری داخراون.
عەقید محەمەد عەلی، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، جەختی لەوە کردەوە کە تاوانە ئەلیکترۆنییەکان پێویستیان بە هۆشیارییەکی زۆری کۆمەڵگە هەیە.
ئەوەشی ڕوونکردەوە، فێڵبازان لە ڕێگەی ناردنی لینکی ساختەوە خۆیان وەک دەزگا ڕەسمییەکان، بانکەکان، یان کۆمپانیاکان دەناسێنن، یاخود بە بیانووی بردنەوەی خەڵات قوربانییەکانیان هەڵدەخەڵەتێنن تا زانیارییە کەسی و بانکییەکانیان پێ بدەن.
لە پێناو پاراستنی سەروەت و زانیارییە تایبەتەکانیان، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان کرد پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن:
1.بە هیچ شێوەیەک ژمارەی کارتی بانکی هەروەها وشەى تێپەڕ (Password)، یان کۆدە نهێنییەکان بە کەس مەدەن.
2.کلیک لەسەر هیچ بەستەرێک (لینکێک) مەکەن کە سەرچاوەکەی نەناسراو و نادیارە.
3.بەدەم داواکارییە بێبەڵگە و پشتڕاستنەکراوەکانەوە مەچن بۆ گواستنەوەی پارە.
|