عێراق زیندانییەکی کوردی ڕادەستی تاران کردەوە
38 خولەک پێش ئێستا
184 جار خوێنراوەتەوە
عێراق 49 زیندانیی رادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە و وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە زیندانییەکان کوردە.
ئەحمەد لعێبی، وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاندووە: "دوێنێ 49 سزادراومان رادەستی ئێران کردەوە بۆ ئەوەی ماوەی سزاکانیان لە زیندانەکانی لە وڵاتەکەیان تەواو بکەن".
وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، لەو بارەیەوە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ و هەواڵگریی عێراق هەیە، رادەستکردنی ئەو زیندانییانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ساڵی 2012ـی نێوان عێراق و ئێرانە.
بە وتەی ئەحمەد لعێبی کە بۆ ڕووداو قسەی کردووە، "یەکێک لەو سزادراوانەی کە رادەستی ئێران کراوەتەوە، کوردە".
وەزارەتی دادی ئێران بڵاوی کردەوە، 49 هاووڵاتیی ئێرانییان وەرگرتووەتەوە کە لە عێراقدا سزای زیندانییان بەسەردا سەپێنرابوو. لە رێگەی دەروازەی سنووریی وشکانیی مێرانەوە زیندانییەکان وەرگیراونەونەتەوە، بۆ ئەوەی ماوەی سزاکەیان لەنێو ئێران تەواو بکەن.
بەوتەی جێگری وەزیری دادی ئێران، زۆربەی ئەو زیندانیانە لەسەر گواستنەوەی مادەی هۆشبەر و قەدەخەکراو بۆ نێو عێراق دەستگیرکراون و سزادراون.
ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ئەمنیی و دادوەرییە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و تارانە، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی سزادراوان لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
|