گرووپە چەکدارەکانی عێراق پلانەکانی عەلی زەیدی ڕەتدەکەنەوە

55   خولەک پێش ئێستا  118 جار خوێنراوەتەوە

گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەو پلانەی حکوومەتیان رەتکردەوە کە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەوڵەتە تا ساڵی 2028 و هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی چەکیان لەلایەن دەوڵەتەوەشکست پێهێناوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی راگەیاندووە، میلیشیاکان بە هاوکاریی ئێران لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک سەرکەوتووبوون. ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گۆشەگیریی سیاسیی بۆ ئەو میلیشیایانە دروستکردووە و ئامرازەکانی گوشاری لێ سەندوونەتەوە.

30ـی ئەم مانگە وەک وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دیاریکراوە و پرسی چەکدارانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت هێشتا وەک ئاستەنگێکی ئاڵۆز ماوەتەوە، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هەڕەشەی میلیشیا عێراقییەکان تا ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت.

لەبارەی لێژنەی دانوستان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەک، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە هەفتەکانی رابردوودا چوار کۆبوونەوەیان لەگەڵ هادی عامری، بەرپرسی رێکخراوی بەدر، کردووە. بەپێی زانیارییەکان، ئەوان لەبارەی رێککەوتنێک دانوستانیان کردووە کە بنەماکەی بەکارنەهێنانی چەک بووە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی میلیشیاکان دەستبەرداری چەکەکانیان نەبن.

سەرەڕای ئەم رێککەوتنە، نوێنەرانی میلیشیاکان ماددەیەکیان لەناو رێککەوتنەکەدا جێگیرکردووە کە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم جێبەجێکردنی دروستدەکات. بەپێی ئەو ماددەیە، هەر رێککەوتنێک لەسەر بەکارنەهێنانی چەک لە دۆخێکی دیاریکراودا بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت، بێ ئەوەی سروشتی ئەو دۆخە دیاری بکرێت.

هاوکات هەردوولا گەیشتوونەتە خشتەیەکی زەمەنی کە تا سەرەتای ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت. ئامانجی ئەو خشتەیە ئەوەیە تا ئەو کاتە میلیشیاکان رازی بن بە کۆنترۆڵکردنی چەکەکانیان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە