دەست پێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان لە عێراق دواخرا

47   خولەک پێش ئێستا  23 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری دا دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بۆ ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم دابخات، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و تەواوکردنی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم گەڕاندەوە.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کە واژۆی عەلی سعوود عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گشتی و ئەهلی و بیانی لەسەرە و ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026 دەرچووە، بڕیار درا بە دواخستنی کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027.

لە نووسراوەکەدا هاتووە، بە رەزامەندیی وەزیری پەروەردە، بڕیار درا رۆژی یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026 بکرێتە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی دەوام، لە جیاتی رۆژی 20ـی ئەیلوول پێشتر دیاری کرابوو.

وەزارەتی پەروەردە چەند هۆکارێکی بۆ ئەم بڕیارە خستەڕوو، لەوانە پێدانی کاتی پێویست بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بۆ ئەو پۆلانەی کۆتایی قۆناخەکان نین. هەروەها ئامادەکاریی تەواو بۆ ساڵی نوێی خوێندن، سەرباری بەرزبوونەوەی ئاستی پلەکانی گەرما لەم ماوەیەدا. نووسراوەکەش ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان کراوە بۆ ئەوەی کاری پێویستی بۆ بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە